ئەو دەمەی «دنیادیدە»کان سواری سەری خۆیان بون و چارەنوسی گەلێکیان بەرەو ھەڵدێر برد..

  24/09/2023  |    868 جار خوێندراوەتەوە

لە مێژوی گەلان دا روداوەکان کاریگەریی گەورەیان ھەیە. روداو ھەمیشە ھەڵگری مەترسی و دەرفەتیشە بە رێژەی جیاواز. سەرکردەی کارامە ئەوانەن کە نەک تەنھا گەلەکانیان لە مەترسیی روداو و پێشھاتەکان ئەپارێزن، بەڵکو تەنانەت مەترسییەکان ئەگۆڕن بۆ دەرفەت. بۆ نمونە سەرھەڵدانی داعش و شەڕ و کردە تیرۆریستییەکانی، مەترسی بو بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و ھەمو جیھان. بەڵام ئەمە رێگر نەبو لەوەی شەڕی دژی تیرۆر لە لایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە بقۆزرێتەوە بۆ دەستکەوت و جێبەجێ کردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانییان، وەکو رژێمی بەشار ئەسەد کە کردیە بەردەبازێک بۆ قایم کردنەوەی پایەکانی حوکمی خۆی، یان تورکیا کە کردیە بیانوی لەشکرکێشی لە ھەرێمی کوردستان و باکور و باکوری رۆژاوای سوریا، یان ئێران کە شەڕەکەی قۆستەوە بۆ پتەو کردنی ئەوەی پێی ئەوترێ (کەوانی شیعی).

ئەوە تەنھا کورد بو کە سەرەڕای ئەوەی لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆر بو و ھەزاران شەھید و برینداری بەخشی، بەڵام نەک بێ دەستکەوت بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ دواوە و لاوازییەکی گەورە لێی ھاتەدەر.

سەدام حسەین بە بیانوی گەڕاندنەوەی «فەرع» بۆ «ئەسڵ» کوەیتی داگیر کرد، عێراق تا ئێستاش باجەکەی ئەدات! ئەبێ کوردیش تا چەند ساڵ و دەیەی تر باجی ھەڵەکەی بارزانی و ھاوئاوازەکانی بدات کە گوایا «ریفراندۆم»یان بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد کەچی بویە ھۆی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، بەفیڕۆچونی خوێنی ھەزاران شەھید و بریندار و لەدەستدانی دەسەڵاتە دیفاکتۆکانی ھەرێم.

کاتی خۆی زۆرمان وت ئەمە مەکەن ھەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە (١)، بەڵام ئەوان ئێمەیان بە بێ ئەزمون ئەزانی و پێیان وابو ئێمە «ھێشتا لە دونیا تێنەگەیشتوین»! ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو کاتەدا بە وەلا نانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێم، نەخوێندنەوەی دروستی گۆڕاو و پێدراوەکانی ناوچەکە و جیھان بو، نەخوێندنەوەی دروستی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئاڵۆزیی کێشەی کورد بو، تەنانەت نەخوێندنەوەی دروستی مێژوی دەوڵەتی عێراق و ھۆکاری لکاندندنی ویلایەتی موسڵ بەو دەوڵەتە و، رۆڵ و کاریگەریی ھەر یەکە لە کارەکتەرەکانی پێشو و ئێستای عێراق بو. ھەر بۆیەش ئەتوانین بڵێین کە ئەنجامدانی «ریفڕاندۆم» لەو کاتەدا ھێندەی پەرچەکردارێکی شەخسی بو بۆ لەدەستدانی شەرعییەتی پۆستێک، ھێندە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نەبو بۆ بەرەوپێش بردنی دۆزی گەلێک. رەنگە ھەر ئەمە شرۆڤەی ئەوە بکات کە داخۆ بۆچی ھیچ دێکۆمێنتێکی قانونی و رەسمی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان سەبارەت بە ریفڕاندۆم بونی نییە!؟

کاتی خۆی کە لە ٢٠١٨ وتمان پێویستە «ریفراندۆم»چییەکان، ئەوانەی بڕیاری ئەنجامدانییان دا، دادگایی بکرێن، ئەمانزانی لە دەرەنجامی ئەو بڕیاڕە ھەڵە کەمەرشکێنە چی روبەڕوی ھەرێم ئەبێتەوە. گەلانی پێشکەوتوی دنیا ھەمیشە لێکۆڵینەوە لە شکستەکانیان ئەکەن و بەرپرسیارێتییەکان دیاری و ئاشکرا ئەکەن بۆ ئەوەی رێ لە شکستی تر بگرن. بەڵام ئێمە شکست دوای شکست بەسەرماندا دێ و، ئەبێ چاوەڕێی شکستی نوێ بین، چونکە ھیچ ھەڵسەنگاندنێک بۆ شکستەکان و رۆڵی ھەر یەکە لە کارەکتەرەکان و، چۆنیەتیی کارلێکی فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان  تیایایدا ناکەین.

زیاتر