هاوپه‌یمانیی هی-وا!

  14/01/2021  |    2603 جار خوێندراوەتەوە

راگەیاندنی هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی لە بەغداوە بە سەرنجدان لە پێکهاتە و تەوقیتەکەی لە لایەک و جموجۆڵەکانی دوای ئەو راگەیاندنە سەرنجڕاکێشە .

بەشێوەیەکی سروشتی یەکەم دیداری ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ فەخامەتی سەرۆککۆماردا بوو. موبارەکەیان لێکرا و وەکو کارتێکی سیاسیی نوێی (سەرۆکی بێ حزب) پێش ئەوەی بەڕووی حزبەکانی خاوەنی پەرلەمانتارەکاندا بەرز کرابێتەوە، رووی لە هەولێر و سلێمانی بوو .

وەفدی پارتی چووە بەغدا و سەردانی فەخامەتیان نەکرد؛ روویان لە شیعەکان بوو. وەفدی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی سەردانی فەخامەتیان کرد، سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە بەغدا گۆڕی بۆ تاڵەبانییەک کە بتوانێ زامنی پەیوەندییەکی تووند و تۆڵ بێت لەگەڵ شیعەکاندا.

دێمەوە سەر هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی. ئەم هاوپەیمانییە ناسنامەی هەموو حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی تێدایە، بەڵام نە سەر بە حزبەکانی خۆیانن و نە دژی حزبەکانیان. چەند رۆژێکە راگەیەندراوە، کەچی حزبەکانی خاوەنی ئەو پەرلەمانتارانە قڕ و قپن

نە دەتوانن خۆیان لێ بێبەری بکەن و نە دەشتوانن پشتیوانیان بن. راستییەکەی بەرهەم ساڵح و لاهور شێخ جەنگی زیاتر لە حزبەکانی دیکە خاوەنداریی ئەو پلاتفۆرمە دەکەن. بە واتایەکی دیکە لیستێکی دیکەی یەکێتی لە دەرەوەی یەکێتی دروستکراوە.

نە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان و نە ئەو هاوپەیمانییە، بەپێی قانوونی نوێی هەڵبژاردن زۆر زەحمەتە لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی بتوانن شانسێکی ئەوتۆیان لە بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانیی بەغدادا هەبێت، بۆیە چارەنووسی ئەو هاوپەیمانییە لە دوو حاڵەت بەدەر نییە

یان ئەوەتا حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانیشەوە، پشتیوانی لەو هاوپەیمانییە دەکەن و دەیکەن بە لیستی هاوبەشی خۆیان، یانیش ئەوەتا ئەو هاوپەیمانییە لەپاڵ یەکێتییەوە دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بە تایبەتیش کە بەشێک لەو پەرلەمانتارانە ئامادەگیی ئەوەیان تێیدایە لە بلۆکێکی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیدا هەنگاو بنێن .

لە حاڵەتی هەنگاونان لەگەڵ یەکێتیدا، بە شێویەکی ئۆتۆماتیکی(ئەگەر تا ئەو کاتە حزبەکان خۆیان لە پەرلەمانتارەکانیان بێ بەری نەکردبێت یان ئەوانیش هەمان شتیان نەکردبێت) هاوپەیمانییەکی رانەگەیەندراوی نێوان یەکێتی و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانیشەوە درووست دەبێت.

یەکێتی هەم سوود لە فیگەرە پۆپیلارەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆن دەبات و هەمیش لەناوخۆی یەکێتیدا دەستی هاوسەرۆک لاهور و بەرهەم ساڵح بەهێز دەبێت
.

ئەم هاوپەیمانییە بە تەنها یان لەگەڵ یەکێتیدا بچێتە هەڵبژاردنەوە، چ لە وەزعی پارتی ناگۆڕێ. ئەوپەڕی پارتی لە شوێنێک کورسییەک یان دوو کورسی لە دەست دەدات، بەڵام بۆ کەرکوک چارەنووسسازە و لەوێ یەکێتی لانیکەم دەتوانێ بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات.

عەیارێکی باری ناوخۆی بدات(بە تایبەتیش کە هیچکام لە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئامادە نین پشتیوانی لە پارتی بکەن، بەڵام ناڕاستەخۆ دەچنە بەرەی بەشێکی یەکێتییەوە)، پشکی یەکێتی لە حکومەتی داهاتووی عێراق جێگیر بکات و نەکەوێتە دەست کەرەمی پارتی و هاوکات پۆستی سەرۆککۆماریش بۆ جاری دووەم بۆ بەرهەم ساڵح زامن بکات .

یارییە سیاسییەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن(کە تا ئێستاش سەد لەسەد مسۆگەر نییە لە مانگی حوزەیراندا دەکرێ یان نا) گەرمتر دەبن. ساز و کاری نێوان حزبەکان لە هەڵکشان و داکشاندا دەبێ. ناوخۆی یەکێتی تووشی گەورەترین کێشمەکێش دەبێ و دەردەکەوێ کە ئەو چێشتەی لە بەغدا لێدەنرێت لە سلێمانی دەخورێت یان نا !

زیاتر