نامە دەنووسم بۆ بایدن بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە!

  14/09/2023  |    2532 جار خوێندراوەتەوە
✍️ رێبوار کەریم وەلی

عاقیبەت سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، چیتر خۆی پێڕانەگیراو نامەی بۆ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ناردووەو حەزیش ناکات مێدیاو رایگشتی ئاگاداری ناوەرۆکی نامەکە بێ.
*
چەند سەعاتێک دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەرو دزەپێکردنی ناوەڕۆکی نامەکە، یەکەم کاردانەوە ئەوە بوو کە راپۆرتەکە راست نییە، نەیارانی (قەوارەی فیدڕاڵی)و (مێدیای جاش‌و بەکرێگراو) بوختان هەڵدەبەستن!
*
لە راستیدا، ناردنی نامە بۆ سەرۆکی ئەمریکاو داواکردنی یارمەتی لە وڵاتێک کە کورد پێیوایە هاوپەیمانیەتی ئاساییەو، لە رابردووشدا کە چەندینجار ئەمریکا ئەوەی بۆ کورد کردووە. هەر لە پەلاماری داعشەوە بگرە تا ١٦ ئۆکتۆبەر کە بە نامەی رەسمیی تیلەرسۆن پشتیوانیی ئەمریکا بۆ نێچیرڤان بارزانی‌و جێگرەکەی دوپاتکرایەوەو، گڵۆپی سوریان بۆ حەشدو ئێران پێکرد.
*
ئەوەی نائاساییەو رەنگبێ سەببی سەرەکیش بێت لە شاردنەوەی هەواڵەکە لە لایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە ئەوە بێت کە بوغرایی‌و لوتبەرزیی لە ئاست ئەمریکا گەیشتبووە ئەو راددەیەی کە لە زۆر حاڵەتدا حیسابی هیچی بۆ ئەمریکا نەدەکرد. کەچی ناوەڕۆکی نامەکە پڕە لە پاڕانەوە. ئەوە رێک ئەو دیمەنەیە کە جۆن کێریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەهاتە هەولێرو هیچ بارزانییەک لە پێشوازییدا نەبوو! پێش ریفراندۆمیش دەستیان بەڕوی نێردەی ئۆبامادا وەدەنا! کەچی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر بۆ هاتنی وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هەموو لەوێ بوون!
*
نە ئێران‌و نە ئەمریکا حەز بە چارەی ئەم حکومەتەی ئێستای هەرێم ناکەن. هی ئێران ئاساییە، بەڵام هی ئەمریکا نائاساییە. سەببەکەشی رون‌و ئاشکرایە. کاتێک سزادراوانی بادینان یەکێک لە تۆمەتەکانیان لە دادگای ئاسایشی هەولێر ئەوە بووبێ کە جاسوسییان بۆ کۆنسوڵخانەی ئەمریکاو ئەڵمانیا کردووە! ئینجا حیساب نەکردن بۆ بەیاننامەی کۆنسوڵی ١١ وڵاتی وەک ئەمریکاو بەریتانیا کە داوای ئازادکردنی گیراوانی بادینانیان دەکردو ئینجا هەڕەشەی بێباکانە لەوەی کە ئەگەر بێدەنگ نەبن کۆنسوڵخانەکان دادەخەن! ئەوە عاقیبەتیەتی! ئەوێ رۆژێ سەرۆک وەزیران (خۆڕاگر) بوو.
*
تەنھا خاڵێکی جەوهەری کە وایدەکرد ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا سۆزیان بۆ میللەتی کورد هەبێ، ئەو ئازادیی رادەربڕین، لێبوردەیی‌و ئازادیی کاری سیاسی بوو، بەڵام لەو چەند ساڵەدا ئەوانە تەفروتونا کران. هەموو راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەئاشکرا باسی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن و، هیچ شانازییەک‌و وەجهێکی جیاکەرەوە بۆ میللەتی بە بارمتەگیردراو نەماوەتەوە.
*
کاتێک نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لێتان دەپاڕایەوە دەیگوت ئەم ئەزمونەتان هەتا سەر نابێ، جڕتتان بۆ لێدەدا! 
*
ئەمریکا ئەمجارەش قسەیەکی خێری تێدا دەکات، بەڵام ئەوەش هەتا سەرو بێمەرج نابێ.
زیاتر