کەی بارەگای بارزانی دادەخەن؟

  01/01/2024  |    1002 جار خوێندراوەتەوە
بارەگای بارزانی و، پێگە و رۆڵی جەنابی کاک مەسعود لە مێژووی سیاسیی کورددا، دوو شتی جیاوازن؛ یەکیان دامەزراوەیەکە کە لە رووی قانونییەوە، هیچ مەحەللێکی لە ئیعڕابدا نییە. ئەوەی دیکەشیان کەسایەتییەکە کە یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانی ئەوەیە کە لە سەردەمی بەرەی کوردستانیدا، ئەو یەکەم کەس بووە کە پێشنیازی کردووە لە کوردستان هەڵبژاردن بکرێ و دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزییەکان دابمەزرێن.
*
وتەیەکی بەناوبانگی خاوەنی بارەگا ئەوەیە کە”لە کوردستان کەس لە سەرووی یاساوە نییە”، بەڵام ئایا (بارەگا) لە کام قانوندا ناوی هاتووە؟ بارەگا بە عەمەلی بووەتە دامەزراوەیەکی پارالێل(تەریب) لەگەڵ دامەزراوە قانونییەکانی دیکە و، تەنانەت لە زۆربەی بابەتەکاندا، بارەگا قسەی کۆتایی دەکات.
*
زۆر ئاساییە و دەشێ کاک مەسعود وەکو سەرۆکی گەورەترین حزبی کوردستان بارەگای هەبێ و ناویشی بارەگای سەرۆکی پارتی بێت، بەڵام کاتێک بارەگای بارەگا، هەمان ئەو شوێنە بێ کە جەنابی کاک مەسعود، دەساڵ وەک بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێم بەکاری هێناوە، ئیتر ئەو شوێنە بارەگای سەرۆکی پارتی نییە.
*
بارەگای بارزانی، بەم فۆڕمەی ئێستای هەم دامەزراوەکی نا قانونییە و هەمیش دەوارێک نییە کە توانیبێتی وەک مەرجەعییەتی شیعی لە عێراق، لە بابەتە نەتەوەییەکاندا، چاوپۆشی لە جیاوازیی بیروڕای سیاسی و، ئینتیمای حزبیی لایەنەکان بکات. بە پێچەوانەوە، ئەم دامەزراوە وا فەڕز کراوە کە رۆڵی مەرجەعییەتی نەتەوەیی دەبینێ، لە کاتێکدا، بارەگا و هەموو ئیمکاناتەکانی خراونەتە خزمەتی پارتی.
*
بارەگای بارزانی لە رووی ئەمنی و سیاسییەوە کراوە بە هێڵی سوور و مەرجەعی بڕیاری سیاسی لە کوردستاندا، هەر گوفتارێک و کردارێک کە کەمێک دژی ئەم مەرجەعییەتەی بارەگا بێ، بەوە وێنا دەکرێ کە ئەوە مەترسی و پیلانە دژی دانیشتیوانی هەرێمی کوردستان. بۆیە یان ئەم بارەگایە دەکرێتە بارەگای سەرۆکی پارتی، یانیش دەبێ هەڵوەشێندرێتەوە؛ ئەو گوتارەی لەو بارەگایە بەرهەم دێ و بە سیاسی دەکرێ، هیچ بەرپرسیاریەتییەکی بەرامبەر دوارۆژی دانیشتیوانی هەرێم تێدا نییە. بە پێچەوانەوە بارەگا، دانیشتیوان وەکو قەڵغانێک بۆ مەشروعییەتی خۆی بەکار دێنێت.
زیاتر