جوتە پێڵاوێک لازم بۆ کازم !

  31/03/2021  |    2213 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر بە گومانی هەندێک کەس حکومەت دەستەوستان و "مێیینەیە"، کورد وتەنی زۆر سەهوون! ئەم حکومەتە هەم نێرە و هەم شێرە و، هەموو شتێکیشی پێدەکرێت. تەنانەت دەتوانێ موچەش نەدات. ئەوەی دیکەشی دەتوانن خۆتان تەسەوڕ بکەن کە چ هەیە بیکات و پێی نەکرابێ یان نەیکردووە!؟

قسەیەکی کوردەواری هەیە دەڵێ:"بە با و باران لە عومری بەفر کەم دەبێتەوە." بە ئۆپۆزیسیۆن و دەستەڵات، هیچ مانایەکیان بۆ وجودی پەرلەمان نەهێشتۆتەوە، راستییەکەی ئەگەر قسە لەسەر نێر و مێیەتی بە مەفهومی پیاوسالاری بێت، ئەوە پەرلەمانە کە خەسێندراوە !

پێڵاوگرتنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە تاک یان بە جوت، مانای جورئەت و ئازایەتی نییە. ئەگەرچی دەڵێن:" دۆست سەیری سەر و دژمن سەیری پێڵاوت دەکات"، بەڵام مۆری تەسدیقە بۆ ئەوەی کە دەستەڵات مەتڵەبیەتی: "بەپێڵاوەوە ھاتن و دەبێ بە پێخواسی لێیدەرچن !"

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیان وا رەوانەی ماڵەوە کرد کە قوڕبەسەرە فریای ئەوە نەکەوت پێڵاوەکانیشی لە پێ بکات! سەرباری ئەوەی جوان جوان بۆیاغیشی کردبوون! ئەوێ رۆژێ پەرلەمان "هەتک" کرا .

ئێستا کە کازم وا دەزانێ پێڵاوی گرتۆتە سەرۆکی بۆش، بە هەڵەدا چووە. هەر بزانە دوای ئەو رووداوە، دوو دوکانی قۆندرەفرۆشیشیان لە بەردەمی پەرلەمان کردەوە، بە داشکاندنی بەهارەوە! و ناویان نا کازمی قۆندەرە !

ئەوەی ئەمڕۆ رووی دا نیشانەی ئەوپەڕی دەستەوستانی و پۆپۆلیزمە. کێشە بنچینەییەکانی ئەم وڵاتە بەرهەمی رێککەوتنە ژێر بە ژێرە ریاکارانەکانە و هاوسەنگی(لای پێکهێنەرەکانی حوکمڕانی)تەنھا لە دابەشکردنی پلە و پۆستدایە.

ئەگەر پەرلەمان بۆ دەستەڵات شوێنێک بێت بۆ قایمکردنی پێگەی حوکمڕانی ئەوا ئێستا سیمبۆلی بەبادانی ئومێد و ئارەزووەکانی ئەو خەڵکە ناڕازییەیە کە پێیانوابوو لەوێوە دەکرێ گوشار لە دەستەڵات بکرێت. شوێنێکە کە دەستەڵات بە سود وەرگرتن لە هەڵە و پەڵەکانی رابردووی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سوککردنی ماڵی گەل، لەسەر ئەو ئاوەی ئەوان رشتیان تەقڵە و فیکەیان پێ لێدەدات .


زیاتر