دانیشە کاک مەسرور

  09/02/2024  |    3805 جار خوێندراوەتەوە

*
سیاسەت و گوتاری نابەرپرسانەی رابردووی دوبارە دەکاتەوە؛ ئێران و دەستوپێوەندەکانی وەک (تیرۆریست) وێنا دەکات و تەنانەت بەداعش و خراپتر لە داعش یشیان دەشوپهێنێ! ئینجا دەکەوێتە ناو فانتازیای هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و، داوای چەک و تەقەمەنی بۆ خۆی حزبەکەی دەکات.
*
جارێ پێش هەموو شتێک، ناساندنی ئێران بەم زمانە دور لە دیپلۆماسیەتە باجی خۆی هەیە و باجەکەشی خەڵکی بێگوناە دەیدات. لەجیاتی دەرس وەرگرتن لە رابردوو، جەنابی دیسان بە زۆری زۆرداری دەیەوێ وا پێشان بدات کە ئەمریکا دەبێ وەکو هاوپەیمان سەیریان بکات!
*
پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە کە بۆ دەبێ ئەمریکا وەکو هاوپەیمان سەیری ئێوە بکات؟

یەکەم: ئێوە ئامادە نەبوون شەڕی داعش بکەن، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاتە ھەولێر و لێتان پاڕایەوە کە دەبێ لەشەڕی داعش بەشدار بن، ئێوە گوتتان ئەوە شەڕی ئێمە نییە! تا داعش رووی بەرەو هەولێر سوڕاندەوە، ئەوجا دەستپاچە و پەرێشان هاناتان بۆ ئەمریکا برد، کەواتا شەڕی داعش بە چاوی ئەمریکادا مەدەنەوە!
دووەم: لە مەسەلەی رێفراندۆمدا، حیسابێکی پوشێکتان بۆ ئەمریکا نەکرد!
سێیەم: ئەمریکا مانگانە تۆنێک پارەتان دەداتێ بۆ ئەوەی پێشمەرگە یەک بخەنەوە، نەک هەر یەکتان نەخۆستۆتەوە، بگرە ئێستا لەو ناوچە موحەڕمانەی کە هی خۆتانە و وەک کانتۆنی لێهاتووە، میلیشیای جیاجیا دروست دەکەن!
چوارەم: بۆ چەک و تەقەمەنیش دیسان رەنگبێ ئەمریکا هەقی خۆی بێ بپرسێ کە ئەوانەی لە رابردوودا وەرتان گرتووە چیتان لێکردووە؟
پێنجەم: کاتێک ئەمریکا داوای ئازادکردنی رۆژنامەنووسانتان لێدەکات و ئێوەش نەک داواکەی رەت دەکەنەوە، بگرە چاویان لێ سور دەکەنەوە و پێیان دەڵێن دەست لەکاروباری ناوخۆمان وەرمەدە! رەنگبێ ئەمریکاش مەسەلەی پەلامارەکانی سەر ئێوە وەک مەسەلەیەکی ناوخۆیی خۆتان لەقەڵەم بدات!
*
لە شەوی هێرشەکەی هەولێر دەبوایە زۆر بەڕوونی لە گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن تێگەیشتبان کە کاتێ لە بارەی هەولێرەوە پرسیاری لێکرا، گوتی ئەمریکییەکان سەلامەتن و هیچ کێشەیەک نییە!
*
بە کورتی، رەنگبێ نیگەرانییەکانی تورکیا لە نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا و، تۆڵەستاندنەوە سنوردارەکانی ئەمریکا، وایکردبێ کە دیسان سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر بەم ئاوازە کۆنەی جاران بخوێنێ، بەڵام لە راستیدا، هیچ لە ئەسڵی مەسەلەکە نەگۆڕاوە. ئەمریکا قەت ناتوانێ بە چاوی هاوپەیمان لە کەسانێک بڕوانێ کە ئەم سابیقانەی رابردووی لەگەڵیاندا ھەبێ.
زیاتر