بەو هەموو شکستەوە چ سەرکەوتنێک!

  06/07/2023  |    1735 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار کەریم وەلی
دیداری سەرکوەزیرانی کاربەڕێکەر بەڕێز مەسرور بارزانی لەگەڵ خەڵکدا، تا بڵێی بەرنامەیەکی دەستکردی ئاست نزم بوو. پرسیار و پێشنیازکەرەکان دیاریکرابوون و، بەڕێزیشیان ئاگادار بوو کە چی لێدەپرسن و کاغەزی جوابەکانی لە تەنیشت خۆی دانابوو.
*
پەخشی بەرنامەکە لە ٦ کەناڵی ئاسمانی و ٥٢ ی ناوخۆیی، بە بیر بەرنامەیەکی ئەردۆغانی هێنامەوە کە رۆژی ١٢ی مایس لەیەک کاتدا لە ٢٤ کەناڵی نیشتمانیی تورکیا بڵاو کرایەوە! ئەوە نیشانەی ئەوە بوو کە دەستەڵات مێدیای کۆنتڕۆڵ کردووە. بەڵام هەر ئەو شەوە لە کەناڵێکی تورکی بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی هەبوو. رۆژی پاشتر دەرکەوت ئەو بەرنامە کۆمەڵایەتییە پڕبینەرترین بەرنامە بووە!
*
ئەو پرسیارانەی کران بەشی زۆریان بای ئەوە نین کە لەسەریان بوەستی. هەموویان لە تاقیگەی ئەمن تەعقیم کرابوون، بەڵام ئامانج و پەیامی پشت ئەم دیدارە تەشریفاتییە لەگەڵ خەڵکدا(کە پێدەچێ یەکەم بەرهەمی فەرمانگەی تازەدامەزراوی دەستپێشخەری بێت)، ناساندن و راگەیاندنی ڤیژنی ٢٠٢٨ بوو کە ویستی پێمان بڵێ مەسرور بارزانی بۆ چوار ساڵی داهاتووش هەر سەرۆک وەزیرانە.
*
رۆژی ١٠ی تەمموز، چوارساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمدا تێدەپەڕێ. بەرنامەی راگەیەندراوی ئەو کابینەیە نەک جێبەجێنەکراوە، بگرە ئەم چوارساڵە خەسارەتێکی گەورەی لە هەموو روویەکەوە لە ژێرخان و سەرخانی کوردستان داوە کە وابە ئاسانی قابیلی نۆژەنکردنەوە نین.
*
کوردستان لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا بە کردەوە بوو بە دوو ئیدارە. هەموو هەوڵە سیاسی و ئیدارییەکانی رابردوو بۆ نەهێشتنی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ زەڕبی سفر کران. لە هەموو ئەو چوارساڵەدا سەرۆکوەزیران یەکجار سەردانی سلێمانیی کرد و ئاستی بێمتمانەیی گەیشتە راددەیەک کە پزیشکی قانونی هەولێر راپۆرتەکانی لە سلێمانی نەیخوات. 
*
لەگەڵ بەغدا، پارتی وەک حزبی سیاسی وازی لە هەموو سەرکێشییە نەتەوەییەکان هێنا تەنها فی سەبیلی ئەوەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم نەبێتە هۆی لاوازبوونی کابینەی نۆیەم و هەڵەی کوشندەشی کرد. کە چی لە کۆتاییدا، داویین چەکی دەستی کە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت بوو، تەسلیمی بەغدا کرد.
*
لە رووی ئابورییەوە سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دۆلار، حکومەت نەیتوانی هەنگاوێک لە کابینەی پێش خۆی زیاتر بهاوێ جگە لەوەی کە دەگوترێ هەموو مانگێک موچە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێ و، هیچ ھەوڵێک بە ئاراستەی دانەوەی پاشەکەوتی موچە نەهاویشترا. تەنانەت تا ئێستاش نەتوانرا، کارتێکی بانکی بدرێتە موچەخۆر تا لە سەرەی وەرگرتنی موچەگیانی لەدەست نەدات. 
*
بەڵێنەکانی حکومەت بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی و نەهێشتنی لە کوردستان نەهاتنەدی. خەڵکی کوردستان چاوەڕێ بوو گەندەڵەکان راپێچی دادگا بکرێن، نەک حکومەت بەسەرانە لێسەندن لە خەفادا سوڵحیان لەگەڵدا بکات!
*
لە رووی ئازادی رادەربڕینەوە کارنامەی ئەم کابینەیە رەشە. گرتنی دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان کە دواتر بە تیرۆر حوکمدران کاردانەوەی وڵاتانی زلهێزی لێکەوتەوە. مۆڵەت نەک بەهیچ خۆپێشاندانێک نەدرا، بگرە ریکخەرەکانیان ٢٤ سەعات پێش خۆپێشاندانەکان شەوەکی رفێندران و مامەڵەی تیرۆریستیان لەگەڵدا کرا. 
*
ئەم کابینەیە شکستی خواردووە. هەر لەسەرەتاوە سەرۆکوەزیرانەکەی کابینەکەی خۆی بۆ دوو ئیدارەیی و کشانەوەی لایەنەکان لە حکومەت ئامادە کردبوو. ٥١٪ی کابینە بۆ پارتی و هاوپەیمانە سوێندخواردووەکانی بوو تا قەت حکومەت بە کشانەوەی لایەنەکان نەکەوێ. بەڵام ئەم دڕودۆنگی و بێمنەتییە، ئیعتیبارێکی ئەوتۆی بۆ هەرێمی کوردستان لە مەحفەلی دەولیدانەهێشتۆتەوە.

 * لە رووی دیپلۆماسییەوە لە چوارساڵی رابردوودا، سەرۆکوەزیران دوو جار چووەتە هۆڵەندا، دووجار یۆنان، چەندجارێکیش تورکیا و  جارێک بەریتانیاو جارێکیش چووەتە فەڕەنسا!

ئەو کوردستانەی کە هەر دە رۆژ جارێک سەرۆکوەزیران یان وەزیرێکی دەرەوەی وڵاتێکی دنیا دەھاتە پایتەختەکەی ئێستا پەپوی تێدا دەخوێنێ. هاوکات ئاستی وەبەرهێنان لە کوردستان نەک هەر زیادی نەکرد، بگرە بەشێکی زۆری سەرمایەی ناوخۆییش کوردستانی بەجێهێشت.
*
ئەوانە ئاماژەی دڵخۆشکەر نین. پارتی ناتوانێ بەم دیدگایە بێمنەتانەیەوە حوکمی کوردستان بکات وا پێشان بدات کە دیفاع لە قەوارەی فیدرالیی هەرێمی کوردستان دەکات. قەوارەیەک خۆی بڕوای پێنەبێ چ چاوەڕوانییەکی لە بێگانە ھەیە. بۆیە بەردەوامیی ئەم سیاسەت و حوکمڕانییە کوردستان تا لێواری لەناوچوون دەبات.
زیاتر