وەزارەتی كارەبا: مەرجمان هەیە بۆ ئەوەی لە هەرێمەوە كارەبا ببرێت بۆ بەغدا

  2020-08-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، بەو مەرجە كارەبا دەدەینە بەغدا كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی كارەبای هەرێمی كوردستان نەبێت.


ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند "زانیاریمان پێ گەیشتووە كە حكومەتی عێراق بەرنامەی ھەیە بڕە كارەبایەك لە ھەرێمی كوردستان و توركیا بكرێت بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەك وەزارەتی كارەبا تاوتوێ كردووە بەڵێنمانداوە بە مەرج ڕێگە پێدانەكە بە بەغدا بدەین".

ئەوە لە كاتێكدایە  پێشتر حكومەتی عێراقی رایگەیاندبوو ئەو وێستگانەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە لە هەرێمی كوردستاندا لە كار كەوتوون هاوكاریان دەكات و كارەبا بۆ چەند شارێكی عێراق لەو ڕێگەیەوە دابین دەكات.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای ھەرێم بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی روونیكردەوە لە ئەگەری ئەو كارە، مەرجی خۆیان دەبێت و دەشڵێت "نابێت ئەو كارەبا پێدانە ھیچ كاریگەریەكی لەسەر كەمكردنەوەی كارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی كوردستان ھەبێت و بەغداش سووتەمەنی بۆ یەكە لەكاركەوتووەكانی كارەبای ھەرێمی كوردستان دابین بكات و كارەباكە لەو یەكانەوە ببات". 

باسی لەوەش كرد "ھەرچەندە ئەو یەكانەی لەكار كەوتوون خاوەنداریەكەی بۆ وەبەرهێنەران دەگەڕێتەوە، بەڵام هەركات حكومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ كرد و حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش ڕەزامەند بوون، ئەوكات ڕێگەی پێ دەدرێت". 


ڕیکلام