بارزانی لە کیسەی خەلیفە دەبەخشێت

  09/05/2026  |    861 جار خوێندراوەتەوە

گوایە بارزانی دوای لە سەردار عەبدوڵلای سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانی رەحمەتی کردووە، لە پشکی کورد خۆی بۆ پۆستێکی وەزاری لە بەغدا کاندید بکات و، سەردار عەبدوڵلاش بە سوپاسەوە رەتی کردۆتەوە!
*
ئەم هەواڵە کە لە میدیای پاراستنی پارتیی باوک و کوڕەوە بڵاو کراوەتەوە لە چەند روویەکەوە جێی سەرنجە.

یەکەم: بارزانی (داوا)ناکات، بگرە ئەمر دەکات! کەواتا مەسەلەکە جددی نییە و نمایشە.

دووەم: لە کام پشکی کورد؟ پشکی کورد لە بەغدا بە سەر  پارتی و یەکێتیدا دابەش کراوە و قەت کەسیان لەگەڵ خۆیاندا شەریک نەکردووە.

سێیەم: ئەگەر بارزانی بەتەمایە لە پشکی پارتی وەزارەت بداتە کۆنە گۆڕانێک وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە پێدانی وەزارەت لە پشکی یەکێتی بە نون نون، ئەوە پێویست بە هەرا ناکات. ئەمر بە حزبەکەی دەکات بۆ وەزارەتێک کاندیدی بکەن کە پشکی پارتییە.

چوارەم: خێرە لە رابردوودا، بارزانی هەڕەشەی لە شیعەکان دەکرد کە ئەگەر گۆڕان لە حکومەتی عێراقدا بەشداری پێبکەن ئەوا ئەو دەکشێتەوە! کەچی ئێستا داوای پۆست بۆ کۆنە گۆڕانێک دەکات!؟
*
راستییەکەی دەبوایە بارزانی داوای پۆستی وەزاری بۆ هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو بکات کە دە کورسییان لە پەرلەمان هەیە، نەک بۆ سەردار عەبدوڵلایەک کە ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نییە.
*
ئینجا ھەموو کەس دەزانێ کە سەبەبی رەئیسیی پێکنەھاتنی حکومەتی ھەرێم، پۆست و وەزارەت نییە. مەسەلەکە شەخسی مەسرور بارزانییە کە نەک ماوەی بەسەر چووە، بگرە ئەوە نزیکەی سێ ساڵیشە لەو پۆستەدا، ھیچ شەرعیەتێکی سیاسی و قانونیی نەماوە.
مادام وایە بۆ بارزانی بۆ دەرچوون لەم قەیرانە قوڵەدا،(وەک شیعەکان)لە جێگەی کوڕەکەی خۆی داوای ئەوە ناکات کە کەسایەتییەکی “سەربەخۆ، نووسەر و سیاسیی نیشتمانیی” کاندید بکرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەتی ھەرێم!؟

زیاتر