گيران و تۆقاندن بەس نييە ؟

ئارێز عەبدوڵا

نوسەر و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
  19/11/2020  |    729 جار خوێندراوەتەوە

رۆژ دوای رۆژ ئازاديی ڕا دەڕبڕين و مافی ئازادی لە کوردستان بەرتەسك دەکرێنەوە و فشاری دەسەڵات بۆ سەر رۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی و خوازيارانی مافەکان زێتر دەبێ .

ئەو دياردە مەترسيدارە نەك هەر تەنيا لێرە هەستی پێ دەکرێ، بگرە گەيشتۆتە رێکخراوە نێودەوڵەتيەکانی مافی مرۆڤ و لای دۆستەکانی هەرێميش بۆتە جێگای پرسيار و مايەی بەدواداچوون. بۆيە ئەگەر دەسەڵات بە مەبەستی بەرگری لەخۆکردن ئەو رێکارە چەوتەی گرتۆتەبەر ئەوا لە لايەکی دی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە بێهێز دەکا و لەسەر ئاستی ناوخۆييش دەبێ بزانێ هەرگيز رژێمەکان بەکپ کردنەوەی دەنگی ناڕەزای و ئازاديخوازی تا سەر لە داڕمان و هەڵوەشانەوە پارێزراو نەبوونە .

ماوەيەکە خەباتگێڕانی مەدەنی و رۆژنامەنوسانی ئازا و ئازادی وەك مامۆستا بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی، هيمن مامەند، شەهرام نامق، هەڵۆ سامی، سەمیرە محەمەد ئەمین... گيراون يان راوەدوو دەنرێن!... تومەتيان بۆ هەڵدەبەسترێ و گيراوەکان ناڕەوا ئازاد ناکرێن !

بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێکارانە جگە لە زياتر ناوزڕاندنی هەرێم و دامودەزگاکانی و چاوسورکردنەوەيەکی بێ مانا هيچی تری لێ شين نابێ. پێويستە لە جياتی پەنابردن بۆ تۆقاندن و گرتن و راوەدونان. دەسەڵاتداران رەخنە و پێشنيار و داخوازیەکانی ئەو جۆرە کەسانە لەبەر چاو بگرن، چونکە ئەوانە رۆڵەی هەرە دڵسۆزی ئەم ولاتەن و دەيانەوێ لە چوارچێوەی دیموکراسی و لە سايەی ئازادیی دەربڕين خزمەت بکەن، ئەگەر کەسێکيش بەو ناوە ياسا شکينی کردبێ با تومەت يان تاوانەکەی ئاشکرا بکرێ، نەك چاوی خەڵکی پێ بشکێنن .

ئيتر بەسە، کاتی ئەوە هاتووە (شێروان شێروانی، بەدەل بەرواری، شڤان سەعيد و تەحسين ياسين و ئەيوب بەحرکەی هەموو گيراوەکانی دی ) ئازاد بکرێن و حکومەت خۆی لەگەڵ دروشمەکانی ئازادی و دیمۆکراسی راست بکاتەوە .

زیاتر