پێكهاتن له‌گه‌ڵ به‌غدا یا ته‌سلیمبوونه‌وه‌ به‌ به‌غدا!

د.کامەران مەنتک

مامۆستای زانکۆ
  01/12/2020  |    835 جار خوێندراوەتەوە

كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزێك، بچێته‌ ناو گفتوگۆو دانوستانه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌یه‌ك له‌ كێشه‌كان، ره‌نگ بێت گرنگترین و سه‌ره‌كیترین پێوه‌ر په‌یوه‌ست بێت به‌ دۆخی هێزی هه‌ر یه‌ك له‌لایه‌نه‌ دانوستانكاره‌كانه‌وه‌، به‌واتایه‌كی تر په‌یوه‌ست بێت به‌ هاوسه‌نگی هێزه‌وه‌، هه‌ر كاتێك لایه‌ك له‌ لایه‌كان هه‌ستیكرد ئهاوسه‌نگی هێز‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ودایه‌، هه‌وڵده‌دات مه‌رجه‌كانی خۆی بسه‌پێنێت، بۆیه‌ باشترین دانوستان و رێكه‌وتنامه‌، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا بپارێزێت له‌و كاتانه‌دا ده‌بێت، كه‌ هێزه‌كان هاوسه‌نگ بێت هیچ لایه‌ك هه‌ست نه‌كات ده‌توانێت له‌رێگای به‌ركارهێنانی هێزه‌وه‌ ئامانجه‌كانی خۆی بێنێته‌ دی، هه‌ر كاتێك تێچوونی به‌كارهینانی هێنانی هێزكه‌متر بوو له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان، بێگومان لایه‌نی به‌هێز په‌نا بۆ به‌كارهێنانی ده‌بات، له‌و حاله‌ته‌شدا لایه‌نی لاواز ناچیته‌ ناو دانوستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بێنیته‌ دی، به‌ڵكو ده‌چێته‌ ناو دانوستانێك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌ قبووڵ بكات، كه‌ لایه‌نی هێزدار به‌سه‌ری ده‌سه‌پێنێت!

له‌و روانگه‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌گوزه‌رێت، كه‌ جێگای داخه‌ به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی له‌ كوردستان به‌ پێكهاتن‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ناوزه‌دی ده‌كه‌ن، مه‌سه‌له‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ پێكهاتنه‌وه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێر ده‌گوزه‌رێت ناكه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی رێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی مل پێكه‌چكردن و ته‌نانه‌ت تێكشكاندن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز له‌ ئێستادا تا راده‌یه‌كی زۆر له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدایه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش دۆخی هه‌رێم له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا له‌وپه‌ری شپرزه‌ییدایه‌، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووان مه‌سه‌له‌ ئابوریه‌كه‌‌، كه‌ بۆته‌ چه‌كێك به‌ده‌ست به‌غداو هاوكات به‌ده‌ست ئه‌و هێزه‌ ناوه‌خۆییانه‌ی خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌رده‌خه‌ن و ‌به‌ناوی به‌رگریكردن له‌ مووچه‌و بژێوی خه‌ڵك داوای پێكهاتن و چوونه‌ به‌غدا ده‌كه‌ن .

به‌رله‌هه‌موو شتێك پێویسته‌ نكووڵی له‌و راستیه‌ نه‌كه‌ین، كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری ئێراقدا ئاسایی بكرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووردا نیه‌و نزیكه‌ی 15 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌و ده‌ستووره‌دا تێپه‌ڕیوه‌، ئاماده‌ نه‌بووه‌ ماده‌ی 142 جێبه‌جێبكات، كه‌ به‌ روحی كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم داده‌نرێت. له‌كاتێكدا له‌ سه‌ره‌تای ده‌رچوونی ئه‌و ده‌ستووره‌، هاوسه‌نگی هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمدا بوو، به‌غدا ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئێستا چۆن چاره‌سه‌ری بكه‌ن، كه‌ هاوسه‌نگیه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی به‌لكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و جیهانیش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا گۆڕاوه‌ !

زۆر سه‌یره‌، هه‌موو كێشه‌ی كورد له‌  مووچه‌و چوونه‌ به‌غدا چڕ كراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌غدا یه‌كێكه‌ له‌سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كێشه‌كه‌!. گومانی تیا نیه‌، كه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردی نه‌ك هه‌ر له‌ئاستی رووداوه‌كاندان نه‌بووینه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ میلله‌تی كوردیان كردووه‌ دوژمنیش هێنده‌ی نه‌كردوه‌، به‌ڵام كاره‌ساته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌چاوی چه‌ند حزبێكه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ !.

چوونه‌ به‌غدا له‌و ئێستا‌دا نه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو قووڵتری ده‌كاته‌وه‌، ساویلكه‌ییه‌ وا تێبگه‌ین ئه‌گه‌ر شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا به‌گوڵ پێشوازیان لێده‌كرێت و به‌غدا پاره‌  به‌سه‌ر هه‌رێم داده‌بارێنێت!، له‌كاتێكدا بۆ هه‌مووان روونه‌ به‌غدا خۆی له‌ قه‌یرانێكی ئابوریدایه‌، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و ته‌سلیمكردنی ده‌روازه‌ سنووریه‌كان له‌ ژێر په‌رده‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، ته‌نیا ته‌كتیكێكی سیاسیه‌ و به‌غدا ده‌یه‌وێت سوود له‌و دۆخه‌ وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر نیازیان جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور بوایه‌ كێشه‌كان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا، راسته‌ دۆخه‌كه‌ ئێجگار سه‌خته‌، به‌ڵام له‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ پێویسته‌ نیشتمانیانه‌و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ نه‌ك حزبیانه‌، ره‌نگ بێت ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ وایكردبێت نه‌توانرێت راستیه‌كان ببینرێت، به‌ڵام تێكچوونی هه‌رێم دۆخه‌كه‌ باشتر ناكات، به‌ڵكو ده‌یگه‌ڕێنیته‌وه‌ ژێر خاڵی سفر، ئێستا خه‌ڵكی كورد له‌ ژێر كاریگه‌ری میدیای نابه‌رپرس روی له‌ به‌غدا كردووه‌و ده‌ستی بۆ به‌غدا پان كردۆته‌وه‌، به‌ بێئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌، كه‌ به‌غدا ده‌یه‌ویت تا سه‌ر ئیسقان ریسوای بكات و چۆكی پێدابدات، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كرێت له‌ راستیدا شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان، نه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی، چونكه‌ ئه‌و حیزبانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان پاراستووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانه‌ ده‌بێت باجه‌كه‌ی بدات، ده‌بێت مه‌سه‌له‌ی چوونه‌ به‌غدا بۆ ماوه‌یه‌ك رابگیرێت و كورد وه‌ك تاوانبارێك و دۆڕاوێك نه‌چێته‌وه‌ به‌رده‌م به‌غدا، ده‌بێت هه‌وڵبدرێت كێشه‌كان له‌ ناوه‌خۆ چاره‌سه‌ر بكرێت،  ده‌بێت تێگه‌یستن و لێكنزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌نێوان هێزه‌كانی ناوه‌خۆ هه‌بێت تا له‌سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی گۆڕانكاریه‌كان ده‌گه‌نه‌ قۆناغێكی تر، ده‌بێت له‌یه‌كه‌وه‌ به‌رپرسیاره‌تی قۆناغه‌كه‌ هه‌ڵبگرن، ئه‌وه‌ی ئێستا داوا ده‌كرێت پیكهاتن نیه‌ به‌ڵكو ته‌سلیمبوونه‌وه‌یه‌ به‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ش واتای له‌گۆڕنانی خه‌ونی میلله‌تێكه‌، كه‌ هه‌زاران قوربانی له‌پێناو ئه‌و رۆژه‌ داوه‌.


زیاتر