باج لە كوردستان، چەكوشی سەری هەژاران و موو نەرم بەرانبەر كۆمپانیاكانی دەسەڵات

عومەر گوڵپی

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان
  12/01/2021  |    736 جار خوێندراوەتەوە
چەند سەرەقەڵەمێك لەبارەی (باج)ەوە لە كوردستان

لە كوردستان ئەگەر دوكانێكی فرۆشتنی مریشك، یانە سەرتاشخانەیەك، یان دوكانێكی فرۆشتنی پەرەمێزت هەبێت، پێویستە باج بدەیت، و حكومەت بكەیتە شەریكی خۆت لە داهات و قازانجەكەت، بەڵام كۆمپانیای نەوتت هەبێت، یان لە گومرگەكان كۆمپانیای پشكنین و وەهمیت هەبێت، یان پڕۆژەی گەورە گەورەی بواری وەبەرهێنانت هەبێت، كە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار دەخەنە گیرفانی بەرپرسان، ئەوە باج نادەیت و حكومەت چاوپۆشیت لێ دەكات.

هەڵهاتن و خۆدزینەوە لە باج لە هەموو وڵات و سیستمێكدا هەیە، بەڵام لە كوردستان بەهۆی قۆرخكاریی بازاڕ لەلایەن هەردوو هێزی دەسەڵاتەوە، بووەتە دیاردەو لەسایەی چەكی نایاساییان بەئاسانی لە ڕێگەی كۆمپانیاكانیانەوە ملیۆنان دۆلار كۆ دەكەنەوەو یەك دیناریش بە خەزێنەی گشتی نادەن.

یەكێك لەو بوارانەی قۆرخكارییەكی تەواوی كۆمپانیای حزبەكانی دەسەڵاتی تیایە، كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتن، كە ڕۆژانە گیرفانی گەنجانی بێكاری ئەم وڵاتە خاڵی دەكەنەوە، بەڵام یەك دینار باج بە خەزێنەی گشتی نادەن!

كۆمپانیاكانی بواری نەوت زیاترن لە هەشت سەد كۆمپانیا، ئەوە تەنها كۆمپانیا نێوخۆییەكان نەوەك بیانییەكان، خۆ ئەگەر تەنها چوارسەد كۆمپانیاشیان لە كارو پرۆژەدا بن، و ساڵانە باج بدەن ئەوە بازێكی گەورە بە داهاتی هەرێمی كوردستان دەدەن، بەڵام لەبەرئەوەی زۆرینەی ڕەهایان هی حزبەكانی دەسەڵاتن بەخشراون لە دانی باج، بریاری (٩٦)یش لە بەرواری (١٠ی ١ی ٢٠٢١) تەنها ئەوانەیان پابەند دەكات كە لە بواری سكیوریتی كار دەكەن، لە كاتێكدا لە بنەمادا حكومەت نەدەبوو ئەم بوارە بداتە كۆمپانیا، چونكە خۆی پۆلیسی نەوت و گازی هەیە، بەڵام ئەی چۆن گیرفانی تاڵانكارانی ئەم وڵاتە هەر گەرم بێت؟ 
كۆڕەك تیلیكۆم زیاتر لە (١٨٠ ملیار دینار)ی قەرزی ساڵانی پێشووی لە ئەستۆیە، لە ساڵی (٢٠١٩ و ٢٠٢٠)یش هێشتا یەك دینار باجی دەرامەتی نەداوە، ئایا ئەگەر كۆمپانیای هاووڵاتیەكی بێ لایەن بێت ئەو چاوپۆشییەی لێ قبوڵ دەكرێت؟ 
بە نووسراوی ژمارە (٤/٣/٢٢٠٥) لە بەرواری (٢٥ی ١١ی ٢٠٢٠)ی پەرلەمان، بەدواداچوونم بۆ ئەو باجانە كردووە كە هەردوو كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و ئاسیا سێڵ دەبێت بیدەن بە هەرێمی كوردستان، دەركەوت كە كۆڕەك تیلیكۆم زیاتر لە (١٨٠ ملیار دینار)ی قەرزی ساڵانی پێشووی لە ئەستۆیە، لە ساڵی (٢٠١٩ و ٢٠٢٠)یش هێشتا یەك دینار باجی دەرامەتی نەداوە، ئایا ئەگەر كۆمپانیای هاووڵاتیەكی بێ لایەن بێت ئەو چاوپۆشییەی لێ قبوڵ دەكرێت؟ ئەگەر ئیستە نەیداتەوە كە حكومەت وەكخۆی دەڵێت مووچەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی پێ نادرێت، ئەی كەی دەیداتەوە؟

باج بابەتێكی گرنگی هەستیارە، پەیوەندیدارە بە دادگەری كۆمەڵایەتی و كۆی گشتی داهاتی وڵات و خزمەتگوزارییەكان و هاوسەنگی هێزو سەرمایە، پویستە بە سیستمێكی شایستە و لە دۆخێكی دیارو ڕووندا جێبەجێ بكرێت، هەربۆیە پێویستە هەموو ئەو كەس و كۆمپانیایانەی كە (باج)یان لەسەر دادەنرێت بە (یاسا) بێت، هەروەكچۆن لە سیستمە دداگەرو پێشكەوتووەكاندا هەركەس و كۆمپانیایەك ئەگەر خۆی بدزێتەوە لە دانی (باج) وەك ئەوەی تاوانێكی ئابڕوبەرانەی ئەنجام دابێت یان خیانەتی نیشتیمانی كردبێت ئاوا تەماشا دەكرێت، چونكە زیانی بە خەزێنەی گشتی و هەموو هاووڵاتیان گەیاندووە، بەڵام حكومەت ناتوانێت یاسا لەسەر كۆمپانیای بەرپرسان و هەردوو هێزی دەسەڵات جێ بەجێ بكات كە یاسای پێویستیش هەیە، بەڵام دەیەوێت باج لە ئۆتۆمبیلی تایبەتی هاووڵاتیان بەبێ بوونی هیچ بنەمایەكی یاسایی وەرگرێت!
ئەوانەی خۆیان لە (باج) دەدزنەوە دەڵێن: بۆ دوو جار باج بدەین، (سەران)ە بە بەرپرسان و (باج)یش بە حكومەت؟
بێجگە لە گرفتی گەورەی پەیوەندیدار بە یاساو سیستم و نەبوونی پرۆسەیەكی پێشكەوتووی بەرێوەبردن بۆ كۆكردنەوەی باج كە بە پڕۆگرامی ئەلیكترۆنی پشتگیریی كرابێت، هەروەها نەبوونی سیستمی بانكی، ئەوە ئەو قۆرخكارییەی هەردوو هێزی دەسەڵات بەسەر بازاڕو ژیان و گوزەرانەوە هەیانە بووەتە هۆی ئەوەی تەنها نزیكەی یەك لەسەر دەی داهاتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی (باج)ەوە بەدەست بێت، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر دادگەری بچەسپێنرێت و كۆمپانیاكانی دەسەڵات یان دوور بخرێنەوە لە قۆرخكاریی بازاڕ یان باجیان لێ وەربگیرێت بە پێی یاسا، ئەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو نزیك دەبێتەوە لە نیوەی پێویستی بودجەی هەرێمی كوردستان.

ئەوەی باسمان كرد باسی (باج) بوو، باسی ئەوەمان نەكرد كە هەردوو بەرپرسانی هێزی دەسەڵات چۆن چۆنی لە رێگەی وەرگرتنی (سەران)ەوە ئەو تۆزە پەراوێزی بازاڕی ئازادەشیان بۆ كەرتی تایبەت نەهێشتووەتەوە، باسی ئەوە ناكەین كە ئەگەر تۆ كۆمپانیایەكی نیمچە گەورەشت هەبێت، ئەستەمە بەبێ ئەوەی بەرپرسێك بكەیتە شەریك بتوانیت بمێنیتەوە، بۆیە زۆرێك لە سەرمایەدارەكان، ئەوانەی خۆیان لە (باج) دەدزنەوە دەڵێن: بۆ دوو جار باج بدەین، (سەران)ە بە بەرپرسان و (باج)یش بە حكومەت؟

زیاتر