- وەفدێكی یەكێتیش گەیشتە بەغدا ..
- وەفدی پارتی لەبەغدا، سەردانی د. بەرهەم ساڵح-یان نەكرد
- پارتی خواستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماریان هەیە
- ئەگەر نێچیرڤان بارزانی كاندید بكرێت، دۆخی ناوخۆی پارتی بەلایەكدا دەكەوێت
- گروپی 15 پشتیوانی یەكێتیی دەكەن
- كورد نەك یەك ئەجێندای نییە، بەڵكو ناتوانن بەیەكەوە دانيشن...
مانۆڕی سیاسی بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عیراق لەئێستاوە دەستی پێكردووە. لەئێستاوە قسە لەسەر هاوپەیمانێتیەكان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، بەركەوتی كوردو سوننە (سەرۆكی كۆمار و پەرلەمان) دەكرێت. لەگەڵ ئەم قسەو باسانە، بێگومان لەكوردستانیش هەمان گفتوگۆ دەستی پێكردووە. ئەگەرچی هیچ رێككەوتنێك لەنێوان یەكێتیی و پارتی و لایەنەكاندا نەماوەو نییە، بەڵام دابەشكردنەكانی كوردستان و بەغدا گرێدراوی یەكترن .
وەفدێكی پارتی لەبەغدا بوو، ئێستا وەفدێكی یەكێتیش لەبەغدایە. ئەو گروپە نوێیەی بەناوی (15) لەبەغدا دیدارو چاوپێكەوتنیان زۆر بووەو لێدوان لەسەر خواست و داهاتووی هەڵبژاردنەكان دەدەن. پێدەچێت یەكێتیی پشتیوانیی گروپی 15 بێت، بەڵام پارتی بەجموجۆڵی ئەو گروپە ناڕەحەت بووە .
سێ دۆسیەی گرنگ هەموو لایەنەكان لەبەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن. یەكەمیان پرسی سەرۆك كۆمارە، دووەم؛ بەركەوتەی كورد لەبودجەی گشتیی عیراق، سێیەمیشیان پرسی هاوپەیمانێتی كردن لەگەڵ گروپ و لایەنە عیراقییەكانی دیكە .
هاوپەیمانێتیەكانی ئەمجارەی هەڵبژاردن، ستونیی دەبێت. واتە كوردو سوننەو شیعە لەخۆدەگرێت .
گروپی یەكەمی كورد، یەكێتیی نیشتیمانیی رێبەرایەتیی دەكات و ئەگەرێكی بەهێز هەیە گروپی (15) كە یەكگرتوو كۆمەڵ و نەوەی نوێ لەخۆدەگرێت پشتیوانیی بكات، بەڵام پارتی خۆی بەتەنیایەو رێككەوتنی لەگەڵ هیچ حزبێكی كوردستانیی نییە .
ئەوەی زانراوە، پارتی لە سەدرییەكان نزیكبونەتەوەو پێیانوایە حكومەتی داهاتوو سەدرییەكان پێكیدەهێنن، هەروەك لەوانەیە نوجێفیی و چەند گروپێكی سوننەش لەپارتی دیموكراتی كوردستان سەر بەهەمان هێڵی ئیقلیمی بن. ئەو هێڵەی پارتی بەهێڵی سعودیە ئوردن ناسراوە، بەشێك لەشیعەو سوننەكانی لەسەرە. یەكێتیش جگە لەگروپی 15 لەگەڵ چەند لایەنێكی شیعە لەگفتوگۆی راستەوخۆدایە لەسەرووی هەمویانەوە مستەفا كازمیی و گروپەكەی نوری مالكی و عەممار حەكیم و چەند گروپێكی دیكە .
هێشتا روون نییە لەمانگی شەش دەتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت یان نا، پێشنیارێك هەیە هەڵبژاردنەكان بخرێتە مانگی 10 داهاتوو .
بۆچونێك هەیە كە هەر هاوپەیمانێتیی كردنێكی پێشوەختە گرنگیی ئەوتۆی نییە، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردن نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان دیاریی دەكات. دوای هەڵبژاردن پرۆسەی سیاسی دوبارە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی ئێستا دەكرێت (جگە لەسەرۆكی وەزیران و پەرلەمان) بەشێكی پەیوەندیدارە بەپۆستی سەرۆكی كۆمارو كاندیدی ئەو پۆستە .
رەنگە پارتی بیەوێت دوبارە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بدات، بەڵام بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێویستی بە پێشكەشكردنی كاندیدێكی ناسراو هەیە تا بتوانێت كێبڕكێی كاندیدەكانی دیكە بكات. ئەوەی زانراوە، ئێرانییەكان دژی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارن لەلایەن سوننەكانەوە، بەڵام دیار نییە پشتیوانی كێ دەكەن لەنێو كورد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە .
لەوانەیە بەرهەم ساڵح حەز بكات بۆ چوار ساڵی داهاتوو پۆستەكە وەرگرێتەوە، بەڵام پێناچێت پارتی پشتیوانیی بەرهەم ئەحمەد ساڵح بكات. لەماوەی رۆژانی رابردوو وەفدێكی پارتی لەبەغدا بوون، سەردانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و زۆربەی لایەنە سیاسییە (شیعەو سوننە) عەرەبەكانیان كرد، بەڵام سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماریان نەكرد! ئەمەش بەڵگەی بوونی جۆرێك لەساردییە لەنێوان پارتی و سەرۆك كۆمار! پێدەچێت چوار جار ناوهێنانی مەسعود بارزانی لە رێورەسمیی ناساندنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لە حوزەیرانی 2019 لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، بەستەڵەكی ساردی پەیوەندی نێوانی د. بەرهەم و پارتی نەتواندبێتەوە .
تائێستا دیار نییە، دووبارە یەكێتیی بەرهەم ساڵح كاندید دەكاتەوە یان نا، بەڵام پارتی بیەوێت كێبڕكێی ئەو پۆستەبكات، دەبێ یەكێكی بەهێزو ناسراو كاندید بكات. وەك چۆن یەكێتی لەم خولەدا د. بەرهەمی كاندیدكردو بەدەنگێكی زۆر پێش كاندیدەكەی پارتی كەوت، دەبێ پارتیش یەكێكی ناسراوی وەك نێچیرڤان بارزانی كاندید بكات تا كێبڕكێ بكات .
ئەگەر نێچیرڤان كاندیدەكی پارتی بێت، ئەوا چەند ئامانجێك بەبەردێك دەپێكرێت. یەكێكیان بەلاداخستنی دۆخی ناوخۆی حزبەكەیە. بۆیە لێكدانەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كاندیدكردنی نێچیرڤان پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی پارتیشەوە هەیە، چونكە ناردنی (نێچیرڤان) بۆ بەغدا هەنگاوێكی دیكە دەبێت بەرەو بەلاداخستنی دۆخی ناوخۆی ئەو حزبە كە ماوەیەكی درێژە هەم كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی نەكردووەو هەمیش كۆنگرەی زۆر دواكەوتووە! ئەمەش بەهۆی ئەو بارە نوێیەیە كە لەناوخۆی پارتی گەشەی كردووە، بەڵام پێناچێت نێچیرڤان لەو واقعە تێنەگات و ئاگادار نەبێت .
ئەگەر نێچیرڤان بارزانی كاندید بكرێت بۆ سەرۆكی كۆمار دیسان پرسیارێك دێتە پێشەوە كە رەنگە گفتوگۆی زۆر هەڵگرێت. ئەویش ئەگەر شوێنەكەی نێچیرڤان لە هەولێر چۆڵ بوو، بەكێ پڕ دەكرێتەوە؟ واتە كاندیدی نوێی پارتی كێ دەبێت؟ بێگومان ئەگەرەكان زۆر نین، بەڵام دەرفەتی ئەو گفتوگۆیە نییەو پێویستی بەقسەكردنی زۆر هەیە .
سەبارەت بە كاندیدی یەكێتیش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هێشتا روون نییە دوبارە بەرهەم دەبێتەوە كاندید یان نا. جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی (ناوبراو) لەگەڵ چەند لایەنێكی شیعەو لەناوخۆی یەكێتیی و لەگەڵ گروپی پازدە، پێدەچێت نەك حەز، بەڵكو ئیشیشی بۆ بكات، بەڵام سەركەوتنی ناوبراو بۆ دوبارەبوونەوەی لەپۆستی سەرۆك كۆمار، گرێدراوی هاوكێشەیەكە لەسەر چوار پا، یەكێكیان پشتیوانیی ناوخۆی یەكێتییە، ئەوانی دیكە شیعەو ئێران و ئەمریكایە. هاوكات بۆ یەكێتیش پرسیاری گرنگ ئەوەیە؛ ئەگەر بەرهەم ساڵح كاندید نەبوو، كێ بۆ ئەو پۆستە پێشنیار دەكرێت؟ بۆ ئەو پۆستە رەنگە خەڵكی دیكە هەبێت، بەڵام ئێستا دەرفەت نییەو دەرگا كردنەوەیە لەسەر باسێك كە واباشە دوای هەڵبژاردنەكان بیهێنینە گۆڕێ .
هەڵبژاردنی ئەمجارەی بەغدا زۆر جیاوازە لە رابردوو، لەلایەك سیستمی هەڵبژاردن گۆڕانی بەسەرداهاتووەو هیچ لایەنێك ناتوانێ پێشبینی دەنگەكانی خۆی بەتەواوی بكات، هەمیش هاوكێشەی سیاسی و ژیان لەعیراق گۆڕانی بەسەرداهاتووەو دروشم و پێویستییەكانی ئەم قۆناغە تەواو جیاوازە لە رابردوو. جاران كورد بەیەك ئەجێندا لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ لەگەڵ وەفدێك بەناوی وەفدی (عیراق) دادەنیشتن، ئێستا پەرتەوازەیەو هەركەسە ئەجێندایەكی تایبەتی هەیە!