شاسوار عبدالواحد، متمانەی بە هیچ کەس نییە، هیچ کەسیش لەو شاسوارە بێ کەس تر نییە.
04/06/2023
|
1237 جار خوێندراوەتەوە
شاسوار عبدالواحد، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ نەک هەر کەناڵی ئێن ئاڕتی نەفرۆشت، بەڵکو دەیان پەیجی سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیای دیکەی دروستکرد لەوانە: کورد نیوز، مایک، بینەر، سەردێڕ، مەلیک، رۆژ گوڵ، دەوڵەت، پەیجەکانی نەوەی نوێ و ئایندەی کوردستان...هتد.
جگە لەوەش بە ناوی رێکلام پاڵپشتی دارایی ژمارەیەک دەزگای میدیایی سلێمانی دەکات.
بۆ بەڕێوبردنی ئەو دیجیتاڵ میدیا و پەیجانەش ستافێکی زۆری لە کارمەند کۆکردۆتەوە و خودی خۆی سەرپەرشتی و سپۆنسەری ئەو شوێنانە دەکات.
هەربەوەش نەوەستاوە بەڵکو پەیج و ئەکاونتی پەرلەمانتارانی ( هەرێم و بەغدای) بە بارمتە گرتووە، هەرشتێک لەسەرەوە بێت دەبێ ئەو پەرلەمانتارانە وەک توتی شەیر و بڵاویبکەنەوە.
شاسواریش وەک کۆی بنەماڵە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تەعبیرە لە ( خۆی و سروە و نزاری برای)، لە نێو ئەو حزبەدا شتێک نییە بە ناوی پەیڕەوی ناوخۆ و دسپلینی حزبی و ئۆڕگان و پەیڕەوکردنی دیموکراسی. ئەوەی لەو حزبە کاردەکات جگە لە کرێ گرتە و کارمەندێک هیچ ناوێکی دیکەی شایەن نییە.
شاسوار عبدالواحد، متمانەی بە هیچ کەس نییە، هیچ کەسیش لەو شاسوارە بێ کەس تر نییە.
شاسوار، ئەوەندی کاری لەسەر ناشرینکردنی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و میدیا و نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسەکان کردووە، نیو ئەوەندە نەیتوانیوە دژایەتی پارتی و یەکێتی بکات.
بەشێکی زۆر لە رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیرەکانیش بەهۆی ترس لە ناوزڕاندن، بەشێکیشی بەهۆی پاڵپشتی مادی لە لایەن شاسوارەوە ،نایانەوێ قسەی لەسەر بکەن، ترسناکی ئەو بێدەنگیەش لە ئایندەدا بەدیاردەکەوێت. ئەرکی نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر لە هەموو کۆمەڵگایەک ئەوەیە راستییەکان بۆ هەمووان روونبکاتەوە، نەک بێدەنگی هەڵبژێرێت.
زۆرجار خەڵکی پۆپۆلیستی وەک شاسوار بە دژایەتی میدیا و رۆشنبیرانیش ناکەون، بەڵکو پێویستە لە لایەن خودی خەڵک لەمس بکرێن و تاقیبکرێنەوە و بەخۆیان تێبگەن، نەک خەڵکی دیکە لە مێشکیان بنێن.
|