تا ناوەڕاستی 2024!
23/12/2023
|
854 جار خوێندراوەتەوە
بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک شێواوە، تارمایی خستۆتەسەر هەموو شتێك و بەری ئاسۆی ئایندەی بەتەواوەتی لێل كردوە، ئاستی ناڕەزایی خەڵک لە سیاسەت و ئیدارەو حکومرانی هەرێم بە جۆرێك فراوان و زیادی كردوە، کە تەنانەت دۆستەکانیشمان بێتاقەت و بێزاربوون لێمان.
جاران لەسەردەمی ڕژێمی ڕوخاوی بەعس، لەئەنجامی دڕندەییان لەئاست میللەتەکەمان، نە ئەمریکاو نە ئەوروپاش گوێیان لەئازارەکانی کورد نەدەگرت، ئەوەی هەشبو تەنیا هەر لەچوارچێوەی داكۆكی مافی مرۆڤ و بیروڕای ئازاد تێنەدەپەڕی و لێرەو لەوێ لە قوژبنێک باسێکیان دەکردین … ئێمەی کورد لە تاراوگە تەنیا پەنابردنە بەر خۆپیشاندان و بەیان بڵاوکردنەوەو هاوارکردن بو، خۆ گەر ئەمنیسیتی و نەتەوە یەکگرتوەکان ، لە شوێنێک یا لە بەیانێکیاندا باسیان لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بکردایەو باسێکی کورتی سیاسەتی دێهات ڕوخاندن، وە یا گرتن و داپلۆسینیان لە بە یانێکدا ئاماژە پێبکردایە ، کەیفی یەکدونیامان پێدەهات ودەهاتین ئەو بەیانەمان فۆتۆکۆپی دەکردەوەو لە هەموو ئەوروپا بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر بڵاودەکردەوە…
بۆ ئەوان ئەوكاتە تەنیا مافی مرۆڤ و پاراستنی یاسا نیۆ دەوڵەتیەکان گرنگ بو، ئێمەش بە مەجبوری وبەوردی ئیستیغلالی ئەم خاڵانەمان دەکرد و لەو پەنجەرەیەوە ڕیسوای ڕژێمە چەوسێنەرەكەمان دەکرد، ئێمە ئەوسا خاوەنی ئەم چیرۆكە بووین، جێگای داخە ئێستا خەریكە چیرۆكەكە پێچەوانە دەبێتەوە، لە بری ئەوەی حکومەتەکەمان گرنگی بە پرسی پاراستنی مافی مرۆڤ بدات و ڕێز لە مافی ژنان و پرسە مەدەنیەكان و گرنگی بە ئازادیەکان بدەین لەپێش هەمویانەوە ئازادی رادەربرین! کەچی بەئاشكرا پێشێلی مافی مرۆڤ دەکرێت وڕۆژنامەنوس و چالاكوان، گەنجەكان بە بیانوی پڕوپوچ فڕێ دەدرێنە ناو زیندانەکانەوە.
راپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ئاماژە بەوە دەكەن کە جۆرەها و بەچەندین شێواز پێشێلكاری ئەنجامدراوە، لەوانە لە سەر نوسین كاری رۆژنامەنوسی كەسانێك ئازار دراون و زیندانی كراون، ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن نییەو ئیهانە بە خۆپیشاندەر دەکرێ و ئازار و سزا دەدرێن. لەهەرێمێك كە حكومەتەكەی بەرپرسیارێتی پێدانی موچەی خانەنشین و فەرمانبەرەكانی هەڵناگرێت، باج و خەرجی لەسەر هاوڵاتیەكانی چەند بەرابەر زیاد دەكات و رێگا بەوەش نادات، خەڵك نارەزایەتی دەرببرێت، لەراستیدا هەڵسوكەوتی حکومەتی هەرێم بەرانبەر بە هاوڵاتییانی کوردستان، چوەتە دەرەوەی هەموو سنورێکی حوكمرانی ئەقڵانی.
پرسی بەردەوامی و بە بەهێزی مانەوەی قەوارەی هەرێم، وابەستەی پشتیوانی و پشتگیری نێودەوڵەتییە، بۆیە دەبوو حوكمرانی هەرێم بەگرنگییەوە بیروانیاتە تێروانین و رەخنەكانیان، بەتایبەت ڕاپۆرتی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیانەی چاودێری دۆخی هەرێم دەكەن، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم لەبری گوێگرتن، حكومەت دەزگایەکی داناوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتانە، وەک ئەوەی کە بوختانیان پێکرابێ ! لە بری ئەوەی دانیشن لێکۆلینەوە دەربارەی ئەم ڕاپۆرتانە بکەن، وە ئەگەر کەموکوڕی هە یە چاکی بکە ن و لێنەگەڕێن لەمە زیاتر پێشێلکاری ڕوبدات، بەڵام بەداخەوە لەم پرسەشدا بەلوتبەرزی و عینادی سیاسی مامەڵەكراوە.
بەڕای بەندە گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلەنەكات و زوو بە سیاسەتی خۆیدا نە چێتەوە، دڵنیام دونیای دەرەوە و تەنانەت دۆستەكانیش هەڵوێستی جیاوازیان دەبێت وناگاتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتو ، ئیتر چاوپێکەوتن و بینینەكان لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، دەگەرێتەوە بۆ قۆناغەكانی سەرەتایی و گەر بیشانەوێ وەفدێکی هەرێم ببینن، ئەوا دەبێ لەرێگەی بەغدادەوە بێت و لە چوارچێوەی وەفدەکانی عێراق نوێنەرانی هەرێمیش دەبینن.
ئەمرۆ ئەو دابرانە قوڵەی لەنێوان خەڵك و حكومەت دروست بووە، ئەو بێ متمانەییەی بە ئیدارەی هەرێم دروست بووە، لەبەرامبەریشدا ئەو بێ منەتیەی حكومەت دەرهەق بە داخوازییە رەواكانی خەڵك، وادەكات بەسەنتەر كردنەوەی بەغداد ببێتە پرسێكی جدی تر، بۆیە كاتی ئەو هەمو غرورەی کاربەدەستانی هەرێم نییە، كە كەس نازانێت لە چیەوە سەرچاوەی گرتوە! ئەم لە خۆ بایی بونە ماڵوێرانەكەرانەیە، بەدڵنیاییەوە هیچی لەپشتەوە نییە جگە لەبێ تەجروبەیی وخۆ بەزلزانین كە دیارە ئەنجامەكەی ماڵوێرانی و قوربەسەرییە بۆ کورد.
بۆیە زیادەرۆیی نییە گەر بوترێت سەرەتای هەركارێكی باش لەوێوە دەستپێدەكات كە قۆناغی غروری و لوتبەرزی تێپەرێنین، دەنا قۆناغی بایكۆت و نائومێدی فراوانتر دەبێت، ئاشكرایە لەهەلبژاردنی کەرکوک و شوینە بەزۆر دابڕێنراوەکان پەیامێكی گرنگی تیا بەرچاو كەوت، خۆئەگەر به وردی لەو هەڵبژاردنە بروانین دەبینین کە کورد دەنگی له بەرانبه ر دەنگى عەرە ب و توركمان کەمی کردوە، چونكە بەپێی بەڵگەمامە مێژووییەكان دوای دوای جەنگی یەكەمی جیهانی و كۆتایهاتنی دەوڵەتی عوسمانی لەئیدارەی كەركوك لە كۆی 12 ئەندام شەش ئەندامی كورد بووە، بەمەرجێك لە شەشەكەی تر دوو ئەندامیان لەپێكهاتەی مەسیحی و جوو بووە، بۆیە لەم هەڵبژاردنە راستە یەكیتى له بەرانبه ر پارتی دەنگی زیادی کردوە، بەلام ئه وه ئامانجه سەرەكییەكەی خەڵك نەبو ، بەلكو ئامانجی زۆری بەشداریكردنە كه ئەوه بو کە كورد له كەركوك دەنگی زۆرینە بێت، بەڵام بەدڵنیایی ئەو پاڵنەرە نەتەوەییە لە هەڵبژاردنی هەرێم نەك هەر بونی نییە، رەنگە پێچەوانەكەشی راستربێت.
ئێستا گەر درەنگیش بێت، ئەركی حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئاشتكردنەوەی خەڵكە، هەقە لەبری ئەو هەموو ئیڤینت و پارەخەرج كردنە بۆ لۆبی كردن، دۆزینەی فێل، كاری سەرپێی و خۆ دەرخستنە، حكومەتی هەریم، بگەرێتەوە بۆ گوێگرتن لەخەڵكی رۆشنبیرو دڵسۆزی خۆمان، گەر بە خواستەمەنیش بێت داوای تیمی شارەزای قەیران لە دۆستەكانمان بكرێت، گوێی لەداوای و رەخنە نیودەوڵەتیەكان بگیرێت و سەرەتاش بۆ نیشاندانی نیەت پاكی، زیندانیانى بادینان و هەر گیراویكی تر كە لەسەر رای جیاوازو چالاكی مەندنی زیندان كراون ئازاد بكرێن و قەرەبو بكرێنەوە، دەنا بەدڵنیاییەوە عینادی سیاسی و لوتبەرزی و بێ منەتی كورد و ئەزمونەكەشی بەرەو هەڵدێر دەبات.
بەهرۆز گەڵاڵی
سلێمانی
|