لێکترازان دەستەواژەیەکە بەدڵی خەڵکی نییە، چونکە بەدرێژایی مێژوو گەلی کوردستان کوشتەی لێکەوتەکانی ناکۆکی توند و لێکترازان بووە، بەڵام ناچارم لێرەدا وەک ئەگەرێک باسی بکەم!
دوای یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارە، قەوارەی هەرێم گەورەتر و بەهێزتر بوو، هەنگاوەکانی یەکخستنەوەش دیار و لەبەرچاوان بوون، بەڵام دوای تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی و لێکەوتەکانی ریفراندۆمیش بوونە هۆکاری چەقبەستن و خولانەوە لە بازنەیەکی بۆش.
سیستەمی سەقەتی فەرمانڕەوایی کوردستان، بەشێوەیەکی گشتی و ئەو شێوازە بەڕێوەبردنە لەناو ئەو هەڵومەرجە نا هەموارەی وڵاتدا ڕۆژ دوای ڕۆژ نیگەرانی و بێمتمانیی سیاسی زیاتر و ڕێگای گەڕانەوە بەرەو دواوە خۆشتر دەکەن.
ئەزموونیش سەلماندی کە هێشتا هەڵومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ یەک دەستبوونی حکومەت و کارکردن بەزۆرینە لەبارنین، واتە هێشتا ئێمە لە قۆناغی سازانی نیشتیمانی و دیموکراسیەتی سازانین، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا لایەنێک هەوڵیدا بە لێدانی لافی زۆرینە و بەناوی هاوپەیمانێتی درێژە بەو ئاراستە سیاسیە بدات کە ئەنجامەکەی بەرهەمهێنانی قەیران لە دوای قەیران و بێ بایەخکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بوو. کاتێک باسی لایەنێک دەکەم بەواتای ئەوە نایەت کە لایەنەکانی تریش لەو بارەیەوە ئەستۆیان زۆر پاکە، بەڵام قسەم لەسەر بەرپرسیاریتیە بەپێی هەژموونی سیاسی و دەسەڵات.
پەرلەمان نەماوە، حکومەت کاربەڕێکەرە، ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرچووە، ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشندراونەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێ یاسای نەوت و گازە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارندەکانی نەماوە... لەسەرووی هەموو ئەوانەشە کێشەی یەک بازنەیی و چەند بازنەیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆتاکان هەیە. (کە دیارە یاسا کۆنەکە لەبەرژەوەندیی کێیە و بۆچی لەناوخۆماندا چارەسەر نەکرا) ڕەنگە سبەی دادگای فیدڕاڵی لەوبارەیەوە بڕیارێک بدات. ئەوکات سەرۆکایەتی هەرێم ناچارە بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتێکی تر بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و هەڵبژاردنیش دەکرێ، بەڵام ئایا بەهەڵبژاردنێکی نوێ قەیرانەکان چارەسەر دەکرێن و تێدەپەڕن؟
بێگومان نا، ڕەنگە دوای هەڵبژاردن کێشەکان گەورەتر و قەیرانەکان ئاڵۆزتریش ببن!
ئایا ئەو بۆچوونەم لە پەرۆشی و خۆڕاییە، یان لەئەنجامی خوێندنەوە واقیعی هەرێمەوەیە؟
ئەوەی ڕوونە تا ئەم کاتە لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان بەتایبەت کاریگەرەکان هەریەکە و بە پاساوێک نایێین بەدوای هۆکارەکانی چەقبەستنی سیاسی و قەیران و کێشە حوکمڕانییەکاندا بچین، بەڵکو تەنیا خەریکی ململانێی لاوەکی یان ڕێککەوتنە سەرپێیی و ڕۆژانەیەکانین، بەم شێوەیەش تەنیا کات بەفیڕۆدەدرێ و لەسەر بنەمای دەستنیشانکردنی هۆکارەکان پلانی چارەسەرێکی نیشتمانیی گشتی داناندرێ.
بێگومان ئێستا هەڵومەرجەکان گۆڕاون و ناتواندرێ وەکو جاری جاران کۆمەڵی کوردەواری بەڕێکخراوی ئاراستە بکرێ، بۆیە ئەگەر بەڕاستی بیر لە چارەسەرە بنەڕەتیەکانی ئەو سیستەمە حوکمڕانیە سەقەتە نەکرێتەوە، هەڵبژاردنیش بکرێ هەرێم لە دووکەرتبوون و لێکترازان هەر پارێزراو نابێت.