سێگۆشەی خڕ
07/07/2025
|
326 جار خوێندراوەتەوە
لە وڵاتی چین لادێیەكم بینی، ژمارەی دانیشتوانی 6,5 ملیۆن كەس بوون، كارگەیەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی تێدا بوو، لەبەرامبەر گوندەكەیان چەندین كوورەی ئەتۆم هەبوون، دوكەڵی سپی دەچووە كەشكەڵانی فەلەک، لەژێر كورەكاندا تا لێواری شەقامە قیركراوەكە شێلم و توور و پیاز و كەوەر چێنرابوون.
هەر لەوێدا و لە مێشكی خۆمدا بەراوردێكی خێرا و بەپەلەم بۆ ئەم گوندە لەگەڵ هەرێمەكەی خۆمان کرد، كە نزیكەی 6 ملیۆن هاووڵاتین و 4 یەكەی ئیداری و چەندین یەكەی سەربەخۆی ئیدارین، نە دەتوانین ژیانیان بۆ دابین بکەین نە مووچەیان بدەینێ.
هەر بەراورد بە ساڵانی 1959 تا 1961 دەیان ملیۆن هاووڵاتیی چین لە برسان و لەبەر بەدخۆراكی مردن، گەورەترین كارەساتی مرۆیی سەرزەوی بوو، بۆیە چینییەکان شەرمیان لە چینیبوونی خۆیان کرد.
هەر بەراورد بەو ساڵانە، لە ناوچەكەی ئێمە و لە وڵاتەكەماندا ملیۆنان تۆن دانەوێڵە و خوراك هەناردەی دەرەوە دەكران، بەڵام ئێستا بڕوانن چین لە كوێ؟ ئێمە لە كوێ؟
پلانێکی تۆکمە و گشتگیر و ژیرانەی سەرکردە (ماو) ئابووریی چین و خەڵکی چینی رزگار کرد، رێگریكردن لە زیادبوونی منداڵ و لەناوبردنی چۆلەكە و مێرووی زیانبەخش و پۆشینی یەكجۆر جلوبەرگ و پلانی چاككردنی کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی و خۆڕزگاركردن لە سەرمایەداری، چینی گەیاندە چینی ئێستا!!
لە کاتێکدا زۆرترین دانیشتووانی سەرزەوی خەڵکی ئەم وڵاتەن، رێژەی تەمەنی مردن لە 90 ساڵیدایە، كە گەورەترین كێشەكانی چینە لە ئێستادا.
ئێمەی كورد لەم ھەرێمەدا خاوەنی خاكی باشین، ئاوی شیرین، ژمارەی هێزی كاری گونجاو، خاوەنی چوار وەرزەی ساڵین، خۆرێکی باش، ژینگەی خاوێن بەراورد بە چین، کێشەی بە بیابانبوونمان نییە، لە تیۆری جیۆپۆلەتیكدا لەناوجەرگەی دڵی زەویدا دەژین، نەوت و گازی باشمان ھەیە، خاوەنی مێژووی خۆمان و زمان و ئاین و كەلتوری رەسەنین.
ئەی ئەم قۆرتە چییە وایكردووە ئێمە مووچەیەکمان پێنەدرێت و هەمیشە لە دواوە بین؟
ئایا نەزانین و كێشەی عەقڵ و بیروهۆشمان هەیە؟
ئایا ناتوانین وەك مرۆڤی سەردەم بژین یان كێشەی نەبوونی پلانی لۆجیک و ژیرانەمان هەیە؟
بەبۆچوونی من:
نەبوونی پلانی چاککردنی ژیان ھۆکاری ئەم قۆرتەیە.
نەبوونی پلانی پێنج ساڵ یان هەشت ساڵ یان پلانی ستراتیژی درێژخایەن؟
دەستبەردان لە بەرژەوەندیی تاك و خۆتەرخانكردن بۆ ژیانی نوێ بەڵام بە پلان؟؟
بەكورتی، ئەگەر عەقڵی كوردی ئیش بكات، دەبێت لە ئێستا درەنگتر نییە بۆ دانانی پلانێك وەك ئەوەی مالیزیا ـ چین ـ یابان ـ بەرازیل ـ ئەندۆنیزیا.. هتد، ئەوان بە پلان خۆیان لە کارەسات دەرباز کرد، کەچی ئێستای ئێمە لێواری تەنگانە و قوفڵبوونی ژیانە..
ئێستای ئێمە ھەموو پێداویستییەکی پلانی باش و بەناو حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیمان ھەیە، کەچی حەوسەڵەی گۆڕانکاری و پلانی ستراتیژیمان نییە.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت!!..
|