پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە نێوان هێز و دەنگداندایە

  27/10/2025  |    564 جار خوێندراوەتەوە

بۆ پێکهێنانی حکومەت لە وڵاتانی رۆژهەڵات کە تا رادەیەک دیموکراسی تیایدا بەرقەرارە، زیاتر پشت بە تەوافوقی دیموکراسی دەبەستن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەمەش لە عیراق و هەرێمی کوردستان بووەتە عورفێکی سیاسی، ئامانج لە پیادەکردنی ئەم پڕۆسەیەش بەشداری پێکردنی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان و پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوانە ،چونکە هێشتا عەقڵیەتی جیاکاری و جیاوازیکردن لە ناوچە و خزمەتکردنی حزبی خۆت هەر کارایە، بەڵام ئەم میکانیزمە بەدەر نییە لە کەموکورتی و تێکدانی هاوسەنگی هێز، ئەمە جگە لەوەی پێکهێنانی حکومەت زۆر دوادەخات،چونکە لایەنی یەکەم کە بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردراوە، تەواوی پۆستەکان بە موڵکی خۆی دەزانێت و زۆرجار وەک خێر دابەشکردن لێیدەڕوانێت، کە کێشەکە لێرەدا دەستپێدەکات.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی واقعی سیاسی و ئیداری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ناچارن حکومەت پێکەوە پێکبهێنن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە دەنگی بەرامبەر هەیە بۆ پەسەندکردنی کابینەی نوێی حکومەت، پێکهێنانی حکومەتیش تا دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە نێوان ئەو دوو هێزەدا ئاسانتر بوو،چونکە هاوسەنگی هێز لە نێوانیاندا بوونی هەبوو، بەشێوەی دەوری پێکدەهێنرا، بەڵام هاتنی بزووتنەوەکە ئەم هاوسەنگییەی لە بەرژەوەندی پارتی تێکدا و یەکێتیش ناچار بوو بە بەشداری لە کابینەیەکدا بکات کە بەخواست و ویستی ئەو نەبووە، ئێستاش هەرچەندە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پشت ئەستور بە ئەنجامی دەنگدان، ئەم بارە لاسەنگە رێکبکاتەوە، بەڵام پارتی ئامادەی قبوڵکردنی ئەم دۆخە نییە، کە یەکێتی ئێستا بەهێزە و بزووتنەوەی گۆڕانیش سفر کورسی هەیە، بۆیە لەمپەر بۆ پێکهێنانی حکومەت دروست بووە.

 لە هەرێمی کوردستان پێنج دەسەڵاتی گرنگ هەیە، کە بریتین لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی دادوەرین، لەم پێنج دەسەڵاتە چواری لای پارتییە و تەنها پەرلەمان بە یەکێتی دەدات، کە خۆی تیایدا زۆرینەیە و هەر کاتێکیش بیەوێت" لە نێوان خراپ و خراپتردا خراپ هەڵدەبژێرن"، ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و فەرمانگای میدیا و پەیوەندییەکان تەحەفوزی لەسەری هەیە و ئامادە نییە دانوستانی لەسەر بکات، ئەمەش هیچ شتێک بۆ هاوبەشی ناهێڵێتەوە، بەڵکو دەبێتە بەشداریکردن و رۆڵێکی لاوەکی، هەروەها پارتیش زۆر زیاتر لە ئیستیحقاقی خۆی بردووە

یەکێتی دەیەوێت کۆتایی بەم جۆرە حوکمرانییە بهێنێت و هاوبەشی راستەقینە بێت لە بەرنامە و  شێوازی حوکمڕانی، بۆ ئەمەش هەنگاوی باشی ناو توانی لە بەرنامەی داهاتووی کابینەی حکومەتدا جێگیری بکات و پارتی ناچار بکات رازی بێت بەو بەرنامەیەی کە یەکێتی بۆ راستکردنەوەی فەرمانڕەوایەتی دایڕشتووە،ئەمەش بەهۆی زیادبوونی دەنگەکانییەوە بوو، بەڵام هێشتا کێشە لە بەشی دووەمی حوکمڕانیدا هەیە کە دابەشکردنی پۆستەکانە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن،ئەگەر یەکێتی بتوانێت دەنگی زیاتر بهێنێت و ببێتە هێزی یەکەم یان هاوسەنگی هێز بە تەواوی بگەڕێتەوە، ئەوە دابەشکردنی پۆستەکانیش یەکسان دەبێتەوە و دەکرێنەوە بە ئامرازێک بۆ خزمەتی گشتی، نەک خزمەتی حزبی و تێکەڵاوکردنی کاری حکومەت و حزب پێکەوە، کە حکومەت خراوەتە خزمەتی حزب، کە ئەمەش پێچەوانەی فەرمانڕەوایەتی رەشیدە، کە حزب دەخرێتە خزمەتی حکومەتەوە.

زیاتر