كەس توشی شوک نابێت !!

رێبین هەردی

نووسەر
  03/03/2023  |    1090 جار خوێندراوەتەوە

کەس بە هەواڵی کوشتن، فڕاندن، ئەتک کردن سەری ناسوڕمێت، چونکە بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە ئەمە دەرهەق بەو هێزانەی هەن زۆر سروشتیە و بگرە گەر بۆیان بکرێت لەشەڕ لەگەل خەڵکا چەکی کیمیایشیان هەبێت بەکاری دێنن.  گەر رۆژێکیش ئەو  چەکەیان هەبێت و بەکاریان ھێنا، دیسان کەس شۆک نابێت و دەڵین چاوەڕەانکراەوە.

 کەنعان مەکیە لە کۆماری ترسا باسی ئەوەی کردبوو کەس لەعێراقدا بە درۆی سیاسیەکان شۆک نابێت، چونکە لەبنەڕەتەوە قەناعەتی وایە سیاسەت بریتیە لە درۆ و کەسی سیاسیش واتە درۆزن. لەبەرئەوە دەرکەوتنی درۆی سیاسی هیچ کەس شۆک ناکات. 

شۆک کاردانەوەیەکی دەروونیە بەرامبەر شتێک کە هەرگیز چاوەڕێی ناکەیت ڕووبدات، بەلام گەر تۆ پێشوەخت و پێش ڕودانەکە، سەقفی چاوەڕوانی ڕوداوی خراپت بێ سنوور بێت، ئەوا هەرگیز توشی شۆک نابیت. 

ئەو باوکەی باسی ئەشکەنجەی کوڕکەی دەکات و دڕندانەترین شێوازەکانی ئەشکەنجەی کوڕکەی باس دەکات، کەس توشی سەرسوڕمان ناکات، چونکە زۆر پێشوەخت لە خەیاڵی خۆیدا ئەوەی داناوە کە هەموو ئەم کارانە دەکەن. دەمێکە لە خەیاڵی هەریەکێکماندا ئەوە هەیە کە لە ژورە تاریکەکانی ئەشکەنجەدا چی ڕوودەدات، ئەگەرچی نە دیومانە و نە بە ئاشکرا باسکراوە. 

هاوڕێیەکی ئیسلامیم جارێک بۆی باسکردم یەکێک لەو ئەشکەنجێ‌نەی بەرامبەر ئەو کەسانە کراوە کە بە تۆمەتی تیرۆر گیراون، لێدانی گونە بە چەکوش!!!!  ڕەنگە بەراستی ئەمە ڕووی نەدابێت. بەس لە خەیاڵی ئێمەدا ڕویداوە و ڕوو دەدات. لەبەرئەوە گەر ڕۆژیک بە بەڵگەوە و فلیمەوە ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیە بیبنین، هیچ لامان سەیر نابێت. 

ڕۆژێک لای کاک نەشیروانی بەهەشتی بووم و بەرنامەیەکی تەلەفیزێۆن بوو کە قسەی لەگەل خەڵک دەکرد. یەکێکیان گوتی ئەمانە دزن. سەدان ملیار دۆلاریان دزیوە. کاک نەوشیروانی بەهەشتی رووی تێکردم و بە پێکەنینەوە گوتی ڕێبین ئەزانی خەڵکی ئێمە زۆر لە ماتماتیکا خراپە، نازانیت ملیار چەند زۆرە، و سەدان ملیاریش چ ژمارەیەکی زەبەلاحە. دوای هەر خۆی گوتی کێشە ئەوەیە خەڵکی ئێمە چاوەڕێی خراپترین شت دەکات و متمانەی بەهیچ نەماوە. لەبەر ئەوە هاواری و قسەکانی ئەو باوکە نە داواکاری گشتی نە دادگا نە بەرپرسیار و  نە هیچ ڕێکخراوێک و نە تەنانەت هاوڵاتیش شۆک ناکات. ئەمە ئەو ((شتە سروشتیەیە))کە هەموو چاوەڕێی دەکەین. 

هانا ئارنێت لە پێشەکی مرۆڤەکانی سەردەمی تاریکیدا قسەیەکی برێخت دێنێتەوە کە زۆر بۆ ئەم دۆخەی ئێمە دەست دەدات ( کاتێک تەنیا نادادپەرەری هەیە و هیچ بێزاریەکیش نیە). کەس بەدەزگا و ڕێکخراو و مرۆڤەکانەوە هیچیان پێ سەیر و نامۆ نیە، و بگرە هێشتا ئەوەی ڕوودەدات و دەیبیستن، شتێکی بچوکە لەو خراپیەی هەموان چاوەڕێی دەکەن. لەدۆخێکی وادا ئەوەی وێران دەبێت و بووە هەر دەزگاکان نین، بەلکو هەموو ئەو مرۆڤانەن کە لەدەزگاکان و دەوروبەری دەزگاکاندا دەژین.

زیاتر