جاسوس و سیخوڕەکان خۆپیشاندان دەکەن

رێبین هەردی

نووسەر
  17/02/2021  |    3664 جار خوێندراوەتەوە

هیچ شتێک لەم وڵاتەدا سەیر نەماوە برام. کاتێک چاوەڕوانی خراپەکاری لە دەسەڵات بگاتە خیانەت، ئیدی هیچ شتێکیان نابێت کە چاوەرێی نەکەین

وڵاتیان بەسەر ئەرز و بن ئەرزیەوە تاڵان کردووە، وڵاتیان خستۆتە ژێر قەرزێکی گەورەوە کە کەس نازانێت بۆ چی و چۆن کراوە، ژێرخانی ئابوریان وێران کردووە، ناتوانن مافی موچەی خەڵک بدەن و خۆشیان و ماڵ و منداڵیان لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی وڵاتن و ژیانێکی پاشایانە دەژین. 

هەرکەسێکیش قسە بکات لە زیندان توندی دەکەن و هیچ، بەراستی هیچ هەست بە شەرمێکی بچوکیش ناکەن. وڵاتێک نە بەرپرسی بەرپرسیارە و نە دادگای داگایە و نە پەرلەمانی پەرلەمان

هەموو بە پەرلەمان و دادگا و هەموو شتێکەوە لەبەردەم یەک بنەماڵەدا (بە ناوی بنەماڵەی بارزانەوە) بەچۆکدا دێین. کەسە دیارەکانی ئەم بنەماڵەیە فەرمان بە چی بکەن ئەوە ئەنجام دەدەن و ئەوە باس دەکەن و ئەوە جێ بەجێ دەکەن. ئەوان تەنانەت پێش دادگا لێکۆڵینەوە بکات و بڕیار بدات،  تۆمەت و سزاکە دیاری دەکەن و دادوەریش بچوک بچوک دەبێت جێبەجێی بکات

رەنگە تاکە شتێکی سەیر کە پێشبینیم نەکردبێت ئەوەیە کە جاسوس و سیخۆرەکان خۆپیشاندان دەکەن و نارەزایی دەردەبڕن بۆ ئەوەی بگیرێن. ئەمە تاکە شتێکی سەیرە کە لەوڵاتی مندا روو دەدات. 

سیخۆر و جاسوسەکان ئەوانە نین کە بە دزی و خۆشاردنەوە و هەزار رەنگ گۆرینەوە کار دەکەن..بەڵکو دێنە سەرجادە، خۆپیشاندان دەکەن، لە فەیسبوک رەخنەی توند و نەرم دەگرن..بۆ ئەوەی کەشف بن و بگیرێن..لەهەموو ئەمەی کە روویدا تەنیا ئەمەیان ئیدی یەکجار سەیر بوو .

هیچ شتێک سەیر نیە برام. سەروەری یاسەکەیان ئەوەیە من و تۆ بگرن و بە ئاسانیش دەقی یاسای بۆ گرتنەکەمان بهێننەوە و دوای روبکەنە خەڵک و بە پێکەنینەوە بڵێن: بەڵێ ئەمە وڵاتی یاسایە. کەس ناتوانێت پێشێلی بکات. قەتیش ناپرسن ئەوەی لەوە ناترسێت ئێوە بیکوژن، بێگومان لەم یاسا قەرەقوشی و دادگا قەرەقۆشیەش ناترسێت

سوپاس کە هەرگیز بێ هیواتان نەکردین و هەر ئەوە دەرچوون کە چاوەرێ بووین.. سوپاس کە بۆ جارێکیش بووە کارێکی باش ناکەن تا مرۆڤ بڵێت رەنگە هەڵە بوو بم. سوپاس کە هەمیشە و بەردەوام ئەو شتە و خراپتریش دەکەن کە چاوەرێین بیکەن.. سوپاس بۆ ئەو داوەرانەش کە هەرگیز پێشبینیەکانی ئێمەیان نائومێد نەکرد و هەر بچوک و گوێرایەڵی بەرپرسان مانەوە. 

سوپاس کە بەردەوام بێویژدانیتان دەبینین و توشی ئازاری ویژدانمان ناکەن کە رەنگە بەرامبەرتان رەق بووبین و زیادەڕەویمان کردبێت. سوپاس بۆ هەموتان: بە سەرۆک و وەزیر و گوزیر و دادگا و دادوەرتانەوە کە هەمیشە رێک ئەوەن کە چاوەڕێ دەکەن ببن: پر لە ستەمکاری ، ناهەقی و بێ ویژدانی .

فرمێسک و خەمی ئەم بچکۆلەیە بۆ هەمیشە لە یادەوەری ڕۆژە ڕەشەکانی مێژووی کارکردنی ئێوەدا دەمێنێتەوە و نەوە بۆ نەوەی تری دەگێڕێتەوە: هەبوو نەبوو.. سەردەمێک هەبوو حوکمڕانێکی ستەمکار هەبوو سامانی ولاتی هی خۆی بوو، پەرلەمان هی خۆی بو، دادگا و دادوەرەکانیش هی خۆی بوو..

لەرۆژێکی شومدا چەندان چالاکوان و خۆپیشاندەری، بە شەش ساڵ حوکمدا تەنیا لەبەرئەوەی قسە و کارێکیان کردووە کە بەدڵی ئەو نیە. ئەم وێنەش فرمێسکی کیژۆڵەی یەکێک لەو گیراوانەیە .



زیاتر