دوای میوانداریکردنیان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەندامێکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکرد دوای میوانداریکردنەکەیان لەسەرۆکایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی خەڵاتیکردن و پارەی پێداون
غالب ئەلزاملی ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، لە میانی سەردانەکەیان بۆ هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بە گەرمی پێشوازی لە یاریزانان و ئەندامانی وەفدەکەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کردووە.
ئەو ئەندامەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئاشکراشیکردوە: "وەک دەستخۆشییەک بۆ ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیان هێنا، نێچیرڤان بارزانی بڕی ١٠ هەزار دۆلاری وەک خەڵات دا بە هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و سەرجەم ئەندامانی وەفدەکە".
دەشڵێت: "سەرۆکی هەرێم رستەیەکی جوانی دەوت ئەویش: ئێمە یەک نیشتمانین و ئەوەی سیاسییەکان نەیانتوانی بیکەن، وەرزشوانان ئەنجامیان دا".
ئەوەشی ئاشکراکردوە: "سەرۆکایەتی هەرێم ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتی ئامادەکردبوو بۆ گواستنەوەی یاریزانان و ئەندامانی وەفدەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ شوێنی مانەوە و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی شاری هەولێر لەپێش هەموویانەوە ئومێد خۆشناوی پارێزگار داوەتێکی شاهانە کران".