میدیای ئێران: هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل لە باکوری عێراق

  2021-04-14  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکانی ئێران لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نافەرمییەوە بڵاویانکردەوە، گروپێکی نەناسراو سەنتەری زانیاری و ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلیان لە باکوری عێراق کردووەتە ئامانج.

بە گوێرەی هەواڵەکە ئەو هێرشە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزە ئیسرائیلییەکان، بەڵام بە دیاریکراوی ئاماژە نەکراوە بەو شوێنەی کە هێرشیکراوەتە سەر، کە ئاخۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستانە یاخود نا.

وەک ئەوەی میدیای ئێران هەواڵەکەی گواستووەتەوە، سەنتەری زانیارییەکانی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە باکوری عێراق گورزێکی کاریگەرە لەسەر ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە وردەکاری دیکەی هەیە دواتر بڵاودەکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی (ئینتل سکای) تایبەت بە چاودێریکردنی جموجوڵی فڕۆکەوانی و دۆسیە سەربازی و مەدەنییەکان، هێرشەکە بە بەڵگەنامەیی کراوە و ئەو هێرشە کراوەتە سەر بنکەیەکی زانیاری و ئۆپراسیۆنی تایبەت بە مۆساد، بەم نزیکانەش وێنەکانی بڵاودەکرێتەوە.

 ئەوەش لە کاتێکادایە، سەرچاوەیەکی دەزگای ئاسایشی ئێران ئاشکرایکرد، ئەو کەسەی روداوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەنزی ئەنجامداوە، ناسراوەتەوە و لە ئێستادا کار لەسەر دەستگیرکردنی دەکرێت .

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی  (نورنیوز)ی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تیمی لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز، گەیشتوونەتە ئەو ڕێگەیەی کە بووەتە هۆی کێشە لە بەشی دابەشکردنی کارەبای وێستگە ئەتۆمییەکە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ڕادیۆی گشتی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە هەوڵگرییەکانەوە بڵاویکردەوە، دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەنزەوەیە.



ڕیکلام