ئێران: ئەنجامدەری ڕوداوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز ناسراوەتەوە

  2021-04-12  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی دەزگای ئاسایشی ئێران ئاشکرایکرد، ئەو کەسەی روداوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەنزی ئەنجامداوە، ناسراوەتەوە و لە ئێستادا کار لەسەر دەستگیرکردنی دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی  (نورنیوز)ی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تیمی لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز، گەیشتوونەتە ئەو ڕێگەیەی کە بووەتە هۆی کێشە لە بەشی دابەشکردنی کارەبای وێستگە ئەتۆمییەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، توانراوە ناسنامەی ئەو کەسە بناسرێتەوە، کە بووەتە هۆی پچرانی تەزووی کارەبا لە یەکێک لە هۆڵەکانی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، لە ئێستادا ڕێوشوێن پێویست گیراوەتە بەر بۆ دەستگیرکردنی.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، زنجیرەیەک ڕێوشوێن گیراوەتە بەر، بە مەبەستی دووبارە کارپێکردنەوەی ئەو بازنەیەی کە زیانی پێگەیشتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە لە کات و شوێنی پێویست، لەسەر هێرشەکەی کە کراوەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتنەنز.

خەتیبزادە ئاشکرایکرد، ڕوداوەکە دەبووە کارەساتێکی مرۆیی لە دژی مرۆڤایەتی، ئەگەر بێتوو تیشکی ئەتۆمی بڵاوبووایەتەوە.

پێشتریش بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەربارەی ڕوداوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز ئاشکرایکردبوو، تۆڕی دابەشکردنی کارەبا لە دامەزراوەکەدا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە رووبەڕووی ڕوداوێک بووەتەوە.

دواتریش عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرایکرد، ڕوداوەکە دەستی لە پشتەوە بووە و بە تیرۆری ئەتۆمی ناویبرد.

ئەو لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، ڕادیۆی گشتی ئیسرائیل دوێنێ لە زاری سەرچاوە هەوڵگرییەکانەوە بڵاویکردەوە، دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەنزەوەیە.



ڕیکلام