نیۆیۆرک تایمز: رووداوەکەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە

  2021-04-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ئاشکرایکرد، رووداوەکەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە و زیانێکی زۆری بە ناوەندە ئەتۆمییەکە گەیاندووە.

رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو رووداوەی رۆژی یەکشەممە ١١ی٤ی٢٠٢١ لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، سەرەکیترین دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران روویدا و بووەهۆی پچڕانی کارەبای دامەزراوەکە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە لە بنکەکە روویداوە.

رۆژنامەکە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و زیانێکی گەورەی بە توانای ئێران بۆ پیتاندی یۆرانیۆم گەیاندووە.

بەپێ هەڵسەنگاندی ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرابکەن، ئێران لانیکەم نۆ مانگی پێویستە بۆ ئەوەی تواناکانی لەو بنکەیە بگەڕێنێتەوە بۆ کاتی پێش تەقینەوەکە.

رۆژی رابردوو ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان رووداوێک روویداوە، چەند خولەکێک پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەشی دابەشکردنی کارەبای دامەزراوەی نەتەنز کێشەیەک دروستبووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

دواتر چەند بەرپرسێکی ئێران هێرشەکەیان بە تیرۆریستی لە قەڵەمدا و رادیۆی گشتی ئیسرائیلیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری مۆساد لە پشت ڕووداوەکەوە بووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە هەواڵگریانە، مۆساد هێرشێکی ئەلکترۆنی لە دژی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان ئەنجامداوە.

ئەمڕۆش سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل لەو هێرشە ئەوە بووە کە توانای ئەتومی ئێران سنوردار بکات، بەڵام سەرجەم ئەو سێنترفیوجانەی کە زیانیان بەرکەوتووە لە نەوەی یەکەم بوون و زیانێکی ئەوتۆ بە بنکەکە نەکەوتووە.

وتیشی، "ئیسرائیل لە کات و شوێنی خۆیدا وڵامی ئەو کردەوەی وەردەگرێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، "چەند مانگ پێش ئێستا دوژمن هۆبەی مۆنتاژی سێنترفیوجەکانی لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز تەقاندەوە بەڵام ئێمە دەستەوەستان نەبووین و توانیمان هۆبەیەکی تری کاتی دروست بکەین".

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا و لە شاخەکانی نزیک بنکەی ئەتۆمی نەتەنز شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ ئەوەی چند هۆبەیەکی گەورەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو جەرگەی ئەو شاخانەدا دروست بکەن.

ساڵی رابردوو لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز تەقینەوەیەک روویدا و دواتر رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە کاری ئیسرائیل بووە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەشێوەیەک پڕۆسەی پیتاندی یۆرانیۆمی لە بنکەکە وەستاندووە.

چەند رۆژ دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، هۆکار و پاڵنەری رووداوەکەیان ئاشکراکردووە بەڵام بەهۆکاری ئەمنیی ئاشکرای ناکەن و لە کاتی خۆیدا بڵاویدەکەنەوە.



ڕیکلام