پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان: 9 دەستگیرکراوى ترى بادینان ئامادەکراون بۆ دادگاییکردن

  2021-04-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشدار حەسەن پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوو دۆسیەی کۆمەڵێکی دیکە لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان رەوانەی داگایی دوو تاوانی دوو هەولێر کراون.

پارێزەری دەستگیراوانی بادینان ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دوو دۆسیەشدا بە هەمان تۆمەت و هەمان یاسای پێشتر کە ٥ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دیکەی پێ دادگایی کران.

ڕوونیشیکردەوە هەر یەکێک لەوانە بە ناوی کاسب و کرێکار و شتی دیکە تۆمار کراون، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کەسانە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسن.

جەختیشیکردەوە لە ئێستادا دۆسیەکان لەبەردەم ئەندامانی دەستەی دادگای تاوانەکانە و دواتر دۆسییەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ قەڵەمی دادگا، بە مەبەستی دیاریکردنی وادەی ڕۆژی دادگاییکردنیان.

بەشدار حەسەن ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو ٩ کەسە بە هەمان مادەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و پەرلەمانی کوردستان، کە ناوەرۆکی یاساکە بریتییە لەوەی ئەو کەسانە هەستاون بە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان.

ناوەکانیش بریتین لە (مەسعود عەلی حاجی، شێروان تەها ئەمین، کارگەر عەباس عەلی، بەندەوار ئەیوب رەشید، عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان کەمال سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد).

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەو پارێزەرە ئاشکرایکرد، دوو کەس لەوانە ترسێنراون و فێرکراون کە بڵێن پارێزەرمان ناوێت. بەڵام ئەوان لە ئێستادا بریکارنامەیان ناردووەتە ژوورەوە بۆ دادگا و هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک بریکارنامەکانمان نادەنەوە دەست بۆ ئەوەی بەرگریان لێ بکەن.

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە مافی خۆیانە بگەڕێندرێنەوە زیندانی چاکسازی دهۆک بۆ ئەوەی کەسوکاری بیانبینن، بەڵام تا ئیستا بە چەندین بیانووی جیاجیا ئاسایش ئەو کەسانە رەوانە ناکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، خەلک هەیە داعش بووە کەسوکاری دەتوانن بیانبینن خۆ ئەم کەسانە داعشیش نین رێگری دەکرێت لە بینیانیان لە لایەن کەسوکاریان و پارێزەرانەوە.

ئاشکرایشی کرد، هەموو ئەو دەستگیرکراوانە گرتەی ڤیدۆییان پێ تۆمارکراوە، بەڵام تا ئێستا نازانن گرتە ڤیدیۆییەکان چین، هەر وەک ئەوانەی پێشوو کە دەرکەوت ئەو ٥ سزادراوەی دیکە جوڵەی دەمیان شتێک بوو قسەکان شتێکی دیکە بوو.

زیاتر لە حەوت مانگە ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان دەستگیر كراون و لە رۆژی 10ی شوباتیش مەسرور بارزانی رایگەیاند ئەو كەسانە سیخوڕبوون و كاریان بۆ لایەنی دەرەكی كردووە، لە رۆژی 16ی مانگیش دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر هەریەكە لە شێروان شێروانی و شڤان سەعید و هاریوان عیسا و و ئەیاز كەرەم و گوهدار زێباری سەپاند.




ڕیکلام