رووداوەکەی نەتەنز وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی رەوانەی نەخۆشخانە کرد

  2021-04-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوابەدوای رووداوی تەقینەوەکەی رۆژی رابردوو لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران سەردانی بنکەکەی کرد، لە کاتی سەردانەکەیدا لە بەرزی حەوت مەترەوە کەوتەخوارەوە و برینداربوو.

بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "چەند کاتژمێرێک پاش رووداوەکەی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز چووینە بنکەکە بۆ ئەوەی دوای ئاشکرابوونی هۆکاری رووداوەکە، بۆ میدیاکان قسە بکەم، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە بەشێکی زۆر ئەلەمنیۆم بە شوێنەکەدا بڵاوببوەوە و ئەوەش ببوەهۆی ئەوەی کە سەری دەرچەیەک بەتەواوەتی داپۆشرابێ و دیارنەمابوو، بۆیە لە کاتی سەردانەکەمدا قاچم لەسەر دەرچەکە دانا و لە بەرزی حەوت مەترەوە کەوتمەخوارەوە".

وتیشی، "کاتێک کەوتمەخوارەوە بۆ چەند ساتێک تەنها بووم چونکە شوێنەکە قوڵ بوو و کەس دەستی بە من نەدەگەیشت، تاوەکو دواتر منیان دەرهێنایەوە و رەوانەی نەخۆشخانە کرام".

وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران راشیگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە قاچی راستی شکاوە و قاچی چەپی و چەند شوێنێکی دیکەی جەستەی برینداربووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە بەڵام پێدەچێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت تاوەکو بە باشی چاک دەبێتەوە.

رۆژی رابردوو ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان رووداوێک روویداوە، چەند خولەکێک پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بێهروز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەشی دابەشکردنی کارەبای دامەزراوەی نەتەنز کێشەیەک دروستبووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە .

دواتر چەند بەرپرسێکی ئێران هێرشەکەیان بە تیرۆریستی لە قەڵەمدا و رادیۆی گشتی ئیسرائیلیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری مۆساد لە پشت ڕووداوەکەوە بووە .

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە هەواڵگریانە، مۆساد هێرشێکی ئەلکترۆنی لە دژی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان ئەنجامداوە .

ئەمڕۆش سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی رایگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل لەو هێرشە ئەوە بووە کە توانای ئەتومی ئێران سنوردار بکات، بەڵام سەرجەم ئەو سێنترفیوجانەی کە زیانیان بەرکەوتووە لە نەوەی یەکەم بوون و زیانێکی ئەوتۆ بە بنکەکە نەکەوتووە .

وتیشی، "ئیسرائیل لە کات و شوێنی خۆیدا وڵامی ئەو کردەوەی وەردەگرێتەوە".

لەوبارەیەشەوە، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو رووداوەی رۆژی یەکشەممە ١١ی٤ی٢٠٢١ لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، سەرەکیترین دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران روویدا و بووەهۆی پچڕانی کارەبای دامەزراوەکە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە لە بنکەکە روویداوە .

رۆژنامەکە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و زیانێکی گەورەی بە توانای ئێران بۆ پیتاندی یۆرانیۆم گەیاندووە .

بەپێ هەڵسەنگاندی ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرابکەن، ئێران لانیکەم نۆ مانگی پێویستە بۆ ئەوەی تواناکانی لەو بنکەیە بگەڕێنێتەوە بۆ کاتی پێش تەقینەوەکە.



ڕیکلام