قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشیتمانی عێراق و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تاران گفتوگۆیان کرد دەربارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.
نوسینگەی قاسم ئەعرەجی بڵاویکردەوە، لە تاران چاوی کەوتووە بە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیدارێکدا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردووی گەلی هاوسێ بکات.
بە گوێرەی بەیاننامەکە هەردوولا گفتوگۆیانکردووە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
جگە لەوەش راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران، بیڕوڕایان ئاڵوگۆڕکرد، سەبارەت بەو دۆسیانەی کە جێی بایەخی هەردوولان، جەختیشیانکردەوە لە بایەخی جێگیرکردنی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و جیهان، بەو پێیەی بە سودی گەلانی ناوچەکە و جیهانیش تەواو دەبێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا قاسم ئەعرەجی جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق خوازیارە پەیوەندیی یتەوی هەبێت لەگەڵ ئێرانی هاوسێ و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لە هەموو بوارەکاندا.