مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، زۆرێك لە پرۆژەكان بەهۆی گەندەڵی ئیداری و داراییەوە پەكیان كەوتووە و یلانیان هەیە بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتی دەوڵەت .
مستەفا كازمی لە میانەی سەردانەكەی بۆ پارێزگای كەربەلا رایگەیاند، پشتیوانیكردن لە كەرتی تایبەت دەبێتە هاوكار و پشتیوانێكی گەورە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار .
لە میانەی سەردانێكەیدا بۆ چەند پرۆژەیەكی كەرتی تایبەت كازمی جەختیكردەوە، پشتیوانی لە كەرتی تایبەت دەكەن و كاردەكەن بۆ دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی سەركەوتنی ئەو پرۆژانە .
لە بەشێكی تری وتەكانیدا كازمی جەختیكردەوە، بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی دەكەن و دەیانەوێت جارێكی تر پیشەسازی عێراقی چالاك و زیندوو ببێتەوە .
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵەیە دەوڵەت بە تەنها پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت، بەڵكو دەبێت سەرجەم پیشەسازییەكانی دیكەش كارا و چالاك بكرێن، بۆ ئەوەی بنەنە پشتیوان بۆ بودجەی گشتی وڵات .
دووپاتیشیكردەوە، پلانیان هەیە چاكسازی ئەوتۆ بكەن، كە ببێتە هۆی زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتی دەوڵەت .