قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کۆبووەوە

  2024-06-30  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کۆبووەوە و رایگەیاند، "ئێوە بەرپرسی خەڵک نین، بەڵکو خزمەتکاری خەڵکن".

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە ( ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە یەکێک لە هۆڵەکانی مۆنۆمێنتی ئەنفال بەڕێوەچوو، باس لە کێشە خزمەتگوزارییەکان و داواکارییەکانی دانیشتوانی چەمچەماڵ کرا. 

ئاماژەبەوەشدراوە، "جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کرد رێوشوێنە ئیدارییەکان بۆ جێبەجێکردن و راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان رێکبخەنەوە و زۆرترین ئاسانکاری بکەن بۆ هاوڵاتییان.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتی،"ئێوە بەرپرسی خەڵک نین، بەڵکو خزمەتکاری خەڵکن، بۆیە دەبێت بەردەوام بەدەم جێبەجێکردنی داواکاری خەڵکەوەبن، نەک ھاوڵاتی ھەست بکات لەلایەن بەپرسانی ئیدارییەوە کێشە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دروست دەکرێت. جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی ھاوڵاتییانە و بۆ ئەم مەبەستەش ھەر گۆڕانکارییەک پێویست بکات لە پۆستە ئیدارییەکاندا دەیکەن".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە،  کە بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی چەمچەماڵ، پێویستە بەرپرسانی ئیداری هەوڵ بدەن بە کارئاسانیکردن و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و گونجاو، هانی وەبەهێنەران بدەن لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان بکەن.

جێگری سەرۆک وەزیران داواشی لە بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کردوە بە سینگفراوانییەوە گوێ لە رەخنەی هاوڵاتییان بگرن و هەرگیز لەسەر رەخنە و گلەیی و توڕەبوونی هاوڵاتییەک سکاڵا لەسەر کەس تۆمار مەکەن.

وتیشی، دەبێت یاسا بەکاربێنن بۆ جێبەجێکردن و کارئاسانیکردن بۆ هاوڵاتییان، نەک بۆ گرفت و کێشە دروستکردن بۆ هاوڵاتییەکی توڕە و ناڕازی.


ڕیکلام