خولی پێنجه‌می فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ‌به‌ڕێوه‌ناچێت

  2020-08-13  | 
خولی پێنجه‌می فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ‌به‌ڕێوه‌ناچێت
ئەرشیڤ
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی لە راگەیەندراویکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی کۆرۆناوە، ئەمساڵ خولی پێنجه‌می فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ‌به‌رێوه‌ناچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وه‌ك رێكخه‌ران‌ و به‌رێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نین، به‌هۆی يئه‌و بارودۆخە نه‌خوازراوەی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ روی له‌جیهان‌ و هه‌رێمی كوردستانیش كردووه‌، له‌مساڵدا خولی پێنجه‌می فێستیڤاڵ به‌رێوه‌ناچێت.

راشیگەیاندووە، بەوهۆیەوە ئاگاداری سه‌رجه‌م هونه‌رمه‌ندان‌ و هونه‌ردۆستان ‌و سینه‌ماكاران ‌و ده‌زگا میدیاییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، وێرای به‌دواداچونی وردمان ‌و هه‌روه‌ك له‌رێگه‌ی میدیاكانیشه‌وه‌ ده‌زانرێت رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ‌و به‌شێكی زۆر له‌توێژینه‌وه ‌ته‌ندروستیه‌كان هۆشدارییان داوه‌ و ئاماژه‌ به‌ ئه‌گه‌ری شه‌پۆلی نوێی كۆرۆنا ده‌كه‌ن له‌ وه‌رزه‌كانی داهاتودا، هه‌ربۆیه‌ وه‌ك  رێكخه‌رانی فێستیڤاڵ له‌مساڵدا چالاكیه‌كان راده‌گرین.
 

ئاماژە بەوەشکراوە، ھەروەک ئاشكرایه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ی چالاكیه‌كانمان ھێنانی فیلم ‌و میوانانی وڵاتانی جیهانه‌، هاوكات ئاماده‌سازی ورد و پلاندانانه‌ كه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌م دۆخه‌دا وه‌ك پێویست ئه‌نجامبدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین دڵنیابین له‌ دۆخی ته‌ندروستی ‌و باش به‌رێوچونی چالاكیه‌كان، هەر وەک به‌شێكی زۆری فێستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كانی تایبه‌ت به‌سینه‌ما به‌هه‌مان ھۆکار روبه‌ڕووی گرفت بونه‌ته‌وه‌

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی
 فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیدا هاتووە، ئومێد ده‌كه‌ین هه‌رچی زووه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بدۆزرێته‌وه‌ كه ‌روبه‌ڕووی مرۆڤایه‌تی بۆته‌وه‌‌، ئێمه‌ش به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌ساڵی ئاینده‌دا ‌و له‌ژینگه‌یه‌كی له‌باردا به‌وزه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ دووباره‌ سلێمانی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ناوه‌ندی گه‌رمی جوڵه ‌و چالاكیه‌كانی فێستیڤاڵ