بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک: لەلایەن دەستی دەرەکییەوە تەقە لە خۆپیشاندەرانی زاخۆ کراوە

  2020-08-20  | 
دهۆک
لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک
ئەرشیڤ
 مازن شنگالی
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، دەستی دەرەکی لەپشت خۆپێشاندانەکانی زاخۆوە بووە و لەلایەن ئەو دەستە دەرەکییەوە تەقە لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیش کراوە .

لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێی قەزای زاخۆدا ٦١ پۆلیس و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بریندارکراون.

وتیشی، پێش ئەوەی خۆپێشاندانەکە فراوان ببێت، تەنها چەند شوفێرێکی بارهەڵگر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدابوو و هێزەکانی پۆلیسیش چوونەتەلایان و لەو کاتەی کە قسەیان دەکرد، لەلایەن هەندێک کەسەوە تەقە بەسەریاندا کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە خۆپێشاندانەکەدا ٢٦ ئۆتۆمبێلی هێزەکانی پۆلیسی زاخۆ و دهۆک و ١٠ ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنوریش بە دار و بەرد و گوڵە تێکشکێندراون، بەئۆتۆمبێلەکەی خۆیشییەوە.

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی دهۆک راشیگەیاند، ١٨ کەس لە خۆپێشاندەران لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون کە تەنها ٤ کەسیان شوفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بوون و لەنێویاندا چەند کەسێک هەبووە کە بە چەکەوە هاتبوونە ناو خۆپێشاندانەکە .

دووپاتیشیکردەوە، خۆپێشاندانەکە دەستی دەرەکی لەپشتەوە بووە و بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئەو کەسانە کێبوون تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و کێ ئەوانی هانداوە بۆ قۆستنەوەی گردبوونەوەی شوفێرانی بارهەڵگر و نانەوەی ئاژاوە و تێکدانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە گشتی، لێکۆلینەوە لەو رووداوە بەردەوامە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون و بە چەکەوە هاتوونەتە ناو خۆپێشاندانەکە.

شەوی رابردوو، بەشێک لە هاوڵاتیانی زاخۆ و ژمارەیەک لە شۆفێرانی بارهەڵگر، دژی هاتنەناوەوەی شۆفێرانی تورکیا بۆناو هەرێمی کوردستان، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گردبوونەوە، دواتر هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان کرد و بەوهۆیەشەوە نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.



ڕیکلام