داواکاری گشتی ئێران کۆمپانیای (G4S ) بەریتانی تۆمەتیار کرد، بە بەرپرسیارێتی لە ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و تێوەگلاوە لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی سەرۆکی سوپای قودسی ئێران.
عەلی قاسی مەهر داواکاری گشتی تاران لە میانی چاودێری و بەدواداچوونی دۆسیەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و شاندی یاوەری، کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران و لێپرسراوانی دەزگای سەربازی و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
لە بەدواداچوونەکەدا داواکاری گشتی ئێران، ئەو کۆمپانیا بەریتانیەی تۆمەتبار کرد، بە پێدانی زانیاری بە سوپاپی ئەمریکا لە عێراق، سەبارەت بە وادەی گەیشتنی ئەو فڕۆکەیەی کە قاسم سولەیمانی هەڵگرتووە.
هاوکات داواکاری گشتی تاران ڕایگەیاند، لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەڵمانیاش تێوەگلاوە لە کردەوەی تیرۆرکردنەکە.
ڕوونیکردەوە، بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بەرپرس بووە لە ئاراستەکردنی فڕۆکەکە، کە کاروانی ئوتۆمبێلەکانی سولەیمانی کردووەتە ئامانج و پێدانی زانیاری و نەخشەی فڕۆکەوانی بە هێزەکانی ئەمریکا.
داواکاری گشتی تاران جەختیشیکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران کاردەکەن لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیا بەریتانیە، کە بەرپرس بووە لە ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا.
لەو بارەیەوە ڕوونیکردەوە، توانراوە ناسنامەی ٤٥ کەسی ئەمریکی بزانرێت کە بەرپرسن لە تیرۆرکردنی ق اسم سولەیمانی، داخوازیشیان پێشکەش بە پۆلیسی نێودەوڵەتی کردووە، بۆ بانگهێشتکردنی ئەو کەسان.
لە کۆتایی وتەکانیدا داواکاری گشتی تاران ئاماژەی بەوەکرد، مۆڵەتیان داوە بە شەش وڵات، کە لەڕێگەی نوێنەری یاساییانەوە لێکۆڵینەوە بکەن لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، لەم دواییانەش ئەنجامی نوێنەرایەتی یاسایی عێراقیان پێگەیشتووە.
لە شەوی 3ی كانونی دووەمی 2020 ئەمریكا لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا هەریەكە لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقی كردە ئامانج.