یەكەمین خۆپیشاندانی فراوان دژی كودەتاكەی میانمار ئەنجامدرا

  2021-02-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوڵاتیانی میانمار یەكەمین خۆپیشاندانی فراوانیان دژی كودەتا سەربازیەكەی وڵاتەكەیان لەسەر شەقامەكان ئەنجامدا و داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی پێشوو دەكەن.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی سەدان مامۆستا و خوێندكار لە دەرەوەی زانكۆی داگۆن، لە شاری داگۆن كە گەورەترین شاری وڵاتەكەی كۆبوونەوە و سڵاوی سێ پەنجەیان نمایش كرد ئەو جۆرە سڵاوە نیشانەیەكە لەلایەن خۆپیشاندەرانی ناوچەكەوە گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی دژایەتی خۆیان بۆ حوكمی سەربازی نیشانبدەن. 

خۆپیشاندەران، بە دەنگی بەرز پشتگیرییان بۆ سەركردەی زیندانیی ئۆنگ سان سوو چی كرد و قردێلەی سووریان بەست كە ڕەنگی حیزبەكەی بوو، ئێستا سەرۆكی ئەو حزبە و سەركردەكانی دیكە لە رۆژی دووشەممەوە دەستبەسەركراون و گومان دەكرێت لە ماڵەكانی خۆیاندا زیندانی كرابن. 

وڵاتی میانمار كە بە بۆرما ش ناسراوە، لە دوای كودەتاكە زۆر بە ئارامی ماوەتەوە، مین سیتهو، خوێندكار، بە ئاژانسی هەواڵی AFPی ڕاگەیاند "ئێمە ناهێڵین نەوەكەمان لەژێر دەستی ئەو جۆرە دیكتاتۆرییە سەربازییەدا ئازار بچێژێت" ئەو خوێندكارانە بە گۆرانی "بژی دایكە سوو" ئاڵای سوریان هەڵكرد، كە ڕەنگی حزبی NLD بوو.

دانیشتوانی هەندێك شار لەوانە یانگۆن بە شەوان لە ماڵەكانیانەوە ناڕەزاییان ئەنجام داوە و لەوێ بە مەنجەڵ و تاوەدا دەكوتن و گۆرانی شۆڕشگێڕی دەڵێن. 

هەرچەندە پێشتریش ناڕەزایەتی لە چەند شوێنێكی وڵاتەكەدا ئەنجامدرابوو بەڵام خۆپیشاندانی ئەمڕۆی زانكۆكە گەورەترین خۆپیشاندان بووە كە لە دوای كودەتاكەوە ئەنجامدرابێت. 

بەهۆی زۆری ناڕەزایی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و بە تایبەت فەیسبوك سوپا بەشێوەیەكی كاتی فەیسبووكی راگرتبوو چونكە لەو وڵاتەدا زۆرینەی خەڵكی فەیسبووك بەكار دەهێنن، بەڵام بە گوێرەی وتەی میدیا جیهانیەكان خەڵكی وڵاتەكە ئێٍتا روویان لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی دیكەی وەك تویتەر و ئینستاگرام كردووە. 

سوپا حكومەتی خاتوو سو كی ی لەكارخست پاش ئەوەی بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەم لەلایەن حزبەكەی سەرۆكەوە ساختەكاری تیادا كراوە. 

وڵاتی میانمار، بە بۆرما ناسراوە، لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و دراوسێكانی تایلەند، لاوس، بەنگلادش، چین و هیندستانە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 54 ملیۆن كەس دەبێت كە زۆربەیان قسەكەری بۆرمییە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانەكانی دیكەش قسە دەكەن گەورەترین شار گۆنگۆن (ڕانگۆن)ە بەڵام پایتەختەكەی نای پی تاوە.

ئایینی سەرەكی بودیزمە بەڵام چەندین گروپی دیكگەی ئاینی هەیە، لەوانە موسوڵمانانی ڕۆهینگیا، لە ساڵی 1948 سەربەخۆیی لە بەریتانیا بەدەستهێنا لە ساڵی 1962 ەوە تا ساڵی 2011 لەلایەن هێزە چەكدارەكانەوە بەڕێوە دەبردرا.

وڵات بۆ نەوە دوای نەوە بە بۆرما ناودەبردرا، بەهۆی گروپە نەژادییە زاڵەكەی، سوپای حاكم ساڵی 1989 ناوی خۆی گۆڕی بۆ میانمار، ئەم دوو ناوە هەمان مانایان هەیە بەڵام میانمار ڤێرژنی فەرمیترە و لەلایەن حكومەتی وڵاتەوە بەكار دەهێندرێت. 
سوپا ئێستا لە كاردایە و ماوەی یەك ساڵ باری نائاسایی ڕاگەیاندووە،  ئەوەش بەهۆی ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكە خزبی دەسەڵاتداریان تۆمەتباركرد بە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا هەرچەندە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رەتیكردەوە هیچ بەڵگەیەك لەبەر دەست بێت كە ساختەكاری ئەنجامدرابێت. 

هێز رادەستی فەرماندەی گشتی مین ئۆنگ هلەینگ كراوە، ئەو كە فەرماندەی گشتی هێزە سەربازیەكانە كاریگەری سیاسیشی هەبووە لە سەر وڵاتەكە.


ڕیکلام