تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی لە چیای گارە راگەیاند

  2021-02-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەیامنێری ژیان لە دهۆك رایگەیاند لە دوای كاتژمێر یەكی شەو فرۆكە جەنگیەكانی توركیا نزیكەی 10 جار بۆردومانی چەند ناوچەیەكیان لە سنوری چیای گارە كردووە، وەزارەتی بەرگری تورکیاش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی نوێی راگەیاند.

ئەوەشی راگەیاند، لەو بۆردومانەدا هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە بەڵام دەنگۆی ئەوە لە ناوچەكە بڵاوبووەتەوە كە توركیا لەو ناوچەیەدا لە هێلیكۆپتەرەوە سەربازی دابەزاندبێت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی ئەو زانیاریە پشتڕاست ناكەنەوە. 

هەرچەندە زیانە مادیەكان نەخەمڵێندراوە بەڵام زیان بە رەز و باخی هاوڵاتیان گەیشتووە، تا ئێستاش ترسی بۆردومان لە ناوچەكە بەردەوامە. 

بەیانی ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری توركیا  دەستپێكردنی "ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆ-2" لە هەرێمی گارە ڕاگەیاند و دەشڵێت: گروپەكانی سەر بە كەجەكە لە ئامادەكردنی هێرشێكی بەرفراواندایە. 

وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكی نوسراودا دەڵێت " ئۆپراسیۆنی كلاو هەڵۆ-2 لە ڕۆژی 10ی شوباتی 2021وە لە كاتژمێر 2.55 خولەكەوە بۆ ئەو ئامانجانەی تیرۆریستان لە ناوچەی گارە لە باكوری عێراق بەكاری هێناون" دەستیپێكردووە. 

وەزارەتەكە ئەوەشی وتووە: هاوشان لەگەڵ مافی خۆپاراستنمان لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هێرشی تیرۆریستی لە باكوری عێراق و بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی سنورەكەمان، لە دژی گەلەكەمان و هێزە ئەمنییەكان ئۆپراسیۆنەكە بەردەوام دەبێت. 

نوێکراوەتەوە..


ڕیکلام