لە چیای گارە شەڕێکی قورس لەنێوان پەکەکە و تورکیا بەردەوامە

  2021-02-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە چیای گارەی سەر بەپارێزگای دهۆک شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە و پەکەکە دەڵێت نۆ سەربازی تورکیایان کوشتووە،بەڵام تورکیا دەڵێت دوو سەربازیان کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی نزیک لە پەکەکە ڕایانگەیاند لەکاتژمێر سێی بەرەبەیانی دوێنێوە سوپای تورکیا هێرشکی کردۆتە سەر گەریلاکانی پەکەکە و هەتا کاتژمێر شەشی بەیانی ژمارەیەک گوندی سنورەکەی بە چری بۆردومانکردوە.

میدیاکانی پەکەکە ئاشکرایانکردوە کاتێک هێزێکی سوپای تورکیا لە گوندی سیانێ لە کۆپتەرەکانیان دابەزیوون لەلایەن گەریلاکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر دواتر ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.

هاوکات وەزارەتی بەرگری تورکیا بەیانامەیەکی لەسەر شەڕەکە بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت لە شەڕەکە دوو سەربازیان گیانیان لەدستداوە  و چواری دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت لە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی دوودا لە ناوچەی گارە دوو سەربازی یەکەی کۆماندۆی پیادە بەناوەکانی بوراک چۆشکن و هاروون تورهان کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.

بەپێی بەیانامەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا گورزی توندیان لە گەریلاکانی پەکەکەداوە و شەڕەکەش بەردەوامە.

ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا پەکەکە بە فەرمی ئاماری شەڕەکەی بڵاونەکردۆتەوە،بەڵام ئاژانسی فورات نیوزی نزیک لە پەکەکە ڕایگەیاندوە لە شەڕەکەدا نۆ سەربازی تورکیا کوژران.


ڕیکلام