قاسم شەشۆ: توركیا هێرش بۆ شنگال بكات دەبێتە شەڕی ئێران و توركیا

  2021-02-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قاسم شەشۆ رایگەیاند، رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی شنگالەوە جێبەجێ نەبووە، هەریەكە لە پەكەكە و حەشدی شەعبی بۆ شەڕی توركیا هێزێكی زۆریان بردووەتە ناوچەكە.

قاسم شەشۆ، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەیە لە شنگال كە لە دوای نیگەران بوونی لەلایەن مەسعود بارزانیەوە خرایەوە شوێنەكەی خۆی  لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەحاڵەتی هێرشی توركیا بۆسەر شنگال ئێمە شەڕ ناكەین ئێمە تەنها بەرگری لەخۆمان دەكەین ئەگەرنا ئێمە نەشەڕی توركیا دەكەین نەشەڕی عێراق. 

ناوبراو كە خۆی ئێزدیە و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند: خەڵكی شنگال لەئێستادا مورتاح نین دەترسن جارێكی تر بكوژرێنەوە و ئاوارە بكرێنەوە، هەرچەندە خۆیان ئەوانەی گەڕاونەتەوە دووبارە واخەریكە شنگال جارێكی تر چۆڵ دەكەنەوە و ڕادەكەن. 

ئەو پێیوایە بە هۆكاری پارتێكی سیاسی و حەشدی شەعبی ئەگەری دروستبوونی شەڕ لەو ناوچە ئێزدی نشینە هەیە و دەشڵێت "پەكەكە هەر لەشنگالدا ماون تەنانەت ژمارەیان زۆرتر بووە" رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی شنگالەوە جێبەجێ نەبووە "پەكەكە و حەشدی شەعبی دەڵێن ئێمە لەشنگال دەرناچین هەم شەڕی پێشمەرگە دەكەین و هەم شەڕی حكومەتی توركیاش دەكەین ئەگەرهاتن". 

بەرپرسی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال نایشارێتەوە كە هیواداربوون رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرایە بەڵام "حەشدی شەعبی و حزبە شیعیەكان ناهێڵن ئەو ڕێككەوتننامەیە جێبەجێبكرێت". 

ئەو پەكەكە بە هۆكاری هەڕەشە و هێرشی توركیا بۆ سەر شنگال دەزانێت و دەشڵێت "پەكەكە و حەشدی شەعبی بونەتە لایەنێكی ناباش بۆ شەنگال". 

شەشۆ جەختیكردەوە "پەكەكە خەڵكی خۆی زۆر كۆكردۆتەوە لەشنگالدا هەروەها حەشدی شەعبیش هێزێكی زۆری هێناوە، دەبینین توركیاش لەولاوە هەڕەشە دەكات ئیتر نازانم."

ئاشكراشیكرد "قوەتی حەشدی شەعبی قوەتی ئێرانە، بۆیە ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر شنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و توركیا ئێمەش دەبینە قوربانی". 


ڕیکلام