هەلیکۆپتەرێکی تورکیا کەوتەخوارەوە

  2021-03-04  | 
ئەنکەرە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا رایگەیاند، هەلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی وڵاتەکەی کەتووەتەخوارەوە و له‌ ئه‌نجامدا نۆ سه‌رباز گیانیان لەدەستداوە و چوار دیكەش‌ برینداربوون .

وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "له‌ كاتژمێر 2:25 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی٣ی٢٠٢١، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هەلیكۆپته‌رێكی جۆری Cougarی سه‌ربه‌ فه‌رمانده‌یی هێزه‌ وشكانییه‌كان پچڕاوە، كه‌ كاتژمێر 1:55 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ له‌ ناوچەی بینگۆله‌وه‌ به‌ره‌و تاتڤان فڕیوه‌".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ده‌ستبه‌جێ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و فڕۆكه‌ی CN-235 و هەلیكۆپته‌رێكه‌وه‌ ده‌ستیان  به‌  گه‌ڕان بەدوای ئەو هەلیکۆپتەرەدا کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕان و بەدواداچوون، دەرکەوتووە كه‌ هەلیكۆپته‌ره‌كه‌ تێكشكاوه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو رووداوە نۆ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون، بەڵام ئاماژەی بە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە نەکردووە.



ڕیکلام