ئەمریکا داوای کۆتاییهاتنی هێرشی حوسییەکان و دانوستان دەکات

  2021-03-09  | 
واشنتن
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوابەدوای هێرشە موشەکییەکی چەکدارانی حوسی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و چەند ناوچەیەک لە رۆژهەڵاتی سعودیە، ئەمریکا داوای کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانە و دانوستان لەگەڵ ئەو گروپە دەکات.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دەبێت سەرکردەکانی بزوتنەوەی حوسی خواستی خۆیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی سیاسی پیشان بدەن کە تەنها ئەو کاتە دەتوانین هەنگاو بەرەو رێککەوتنێکی سیاسی بهاوێژێن، ئەو شتەی کە ئێمە دەمانەوێت".

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی٣ی٢٠٢١، گروپی ئەنساروڵای سەر بە حوسییەکانی یەمەن بە 22 فڕۆکە و 8 موشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ و شارەکانی دەمام و عەسیر و جازان لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە.

دواتر ئەو گروپە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بنکە سەربازییەکانی سعودیەی لەو ناوچانە کردووەتە ئامانج، بەڵام ریاز ئەو گروپەی بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمەتبار کرد.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، ئەو جۆرە هێرشانە مایەی قبوڵکردن نییە و چەکدارانی حوسی گیانی هاوڵاتیان مەدەنی و لەوانەش ئەو ئەمریکیانەی دانیشتووی سعودیەن، رووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە.

پێشتر ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە چیدی واشنتن پشتیوانی لە هێرشەکانی سعودیە بۆ سەر چەکدارانی حوسی لە یەمەن ناکات، بەڵام پاڵپشتی ریاز دەبێت بۆ بەرگریکردن لەناو خاکەکەی خۆیدا.