ئیسرائیل 12 کەشتی هەڵگری نەوتی ئێرانی لەرێگای سوریا بەئامانج گرتووە

  2021-03-12  | 
تاران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە تاوەکو ئێستا، ئیسرائیل لانیکەم ١٢ کەشتی هەڵگری نەوتی ئێرانی لەڕێگای سوریا بەئامانج گرتووە.

ڕۆژنامەکە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەستیان پێکردووە و ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە ئێرانییەکان و چەند کەشتییەکەی دیکە کە ویستوویانە نەوتی ئێران بۆ سوریا بگوازنەوە.

ئاشکراشیکردووە کە ئەو هێرشانە لە دەریای  سوور و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامدراون و بەشێک لەو کەشتیانەش کە بە ئامانج گیراون، هەڵگری چەک و کەلوپەلی سەربازیی ئێران بوون.

ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، بە رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، هێرشەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی کە کەشتییەکان ژێرئاو کەون و دوودانە لە کەشتییەکان ناچاربوون، بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵستریت جۆرناڵ، ئیسرائیل هەوڵیداوە رێگە لە بازرگانیی نەوتی ئێران بگرێت، چونکە پێیوایە لەو رێگەیەوە تاران دەیەوێت بودجەی گروپە چەکدارییە توندڕەوەکان لە ناوچەکە دابینبکات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێران کە بە یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەقەڵەم دەدرێت، لە چەند ساڵی رابردوودا، بەپشتگوێخستنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، نەوت و کەلوپەلی سەربازیی هەناردەی سوریا کردووە.

وۆڵستریت جۆرناڵ راشیگەیاندووە، بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن و نوسینگەی ئێرانیش لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەکەی لەوبارەیەوە نەداوەتەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا ئێران چەندین جار سعودیەی بە پەلاماردانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە دەریای سوور تۆمەتبارکردووە و ریازیش بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.



ڕیکلام