خامنەئی: فشارەکانی واشنتۆن ناتوانێت ملمان پێکەچبکات

  2021-03-20  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، پەیڕەوکردنی سیاسەتی فشاری زیاتر، کە ئەمریکا لە دژی تاران پیادەی دەکات، شکستی هێناوە وا لە ئێرانییەکان بکات خۆیان بدەن بە دەستەوە.

لە وتەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بەهۆی جەژنی نەورۆزە بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێشکەشیکرد، رابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەکرد، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا، دان دەنێن بە شکستی سیاسەتی فشارلیکردن، تەنانەت ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە داوای گفتوگۆ و وتوێژ بکەن.

ڕابەری باڵای ئێران جەختیکردەوە، ساڵی ١٤٠٠ فارسی گرنگ و هەستبارە، ئەویش بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی وڵاتەکەیەوە، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

لە لایەکی ترەوە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ملپێکەچکردن مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکەیدا بکرێت.

لەوبارەیەوە ڕۆحانی ڕایگەیاند، دوژمنانی ئێران ناچارن بگەڕێنەوە بۆ ڕێچکەی گفتوگۆ و مامەڵەکردن لەگەڵ گەلی ئێراندا.

سەرۆک کۆماری ئێران هیواشی خواست ساڵی داهاتوو کۆتایی بهێنرێت بەو گەمارۆیانەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا سەپاندووەیەتی، دوای ئەوەی تاک لایەنە لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە پاشەکشەی کرد، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان تاران و زلهێزەکانی جیهان ئیمزا کرا.

 



ڕیکلام