ئەمریکا مانۆڕی جەنگ لە دەریای عەرەب دەستپێدەکان

  2021-03-21  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە دەست بە مانۆڕی سەربازیی گەورە دەکات لەگەڵ هێزی دەریایی چەند وڵاتێکی دیکەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

مانۆڕەکە لەژێر ناوی ( جەنگ لە دەریای عەرەب)دا بەڕێوەدەچێت و هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەلجیکا و فەرەنسا و ژاپۆن بەشداری تیان دەکەن، سەنتەری مانۆڕەکەش لە دەریای عەرەب و دورگەی عومان دەبێت.

مانۆڕەکە فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆلی فەڕەناس و یو ئێس ئێش ماکین ئایلاندی ئەمریکی بەشداری تیا دەکەن، ئەوە جگە لە هێزی ئاسمانی هەرچوار وڵات.

بەڕێوەچوونی ئەو ڕاهێنان لە دەریادا لەلایەن هێزی دەریایی ئەو چوار وڵاتەوە لە کاتێکدایە، ئێران بە تەواوی دەستبەکاری هەموو ڕێگرییەکانی بەردەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥  بووە کە لەگەڵ هێزە جیهانییەکاندا ئیمزای کردبوو، بە تایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕیاری کشانەوەی تاکلایەنەی دا لە ڕێککەوتنەکە.

پێشتریش جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئەگەر بێتوو ئێران پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بێت.

سەرباری ئەو لێدوانانەش هێشتا ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەردەوامە، بە تایبەت دوای ئەوەی گروپە چەکدارەکانی ناو عێراق، کە ئەمریکا بە نزیک لە ئیران ناویان دەبات،  لە ماوەی ڕابردوودا چەندین هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە عێراقدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەیەکە نەوتهەڵگرەکانی لەئاوەکانی کەنداو ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و ئەمریکاش ئێران بە ئەنجامدەری هێرشەکان تۆمەتبار دەکات و تارانیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند کەشتییەکی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە.

گۆڤاری ناشیوناڵ ئنترێست بڵاویکردەوە، ئێران دەزانێت کە نزیکە باجی ئەو مانۆڕە نوێیەی بدات، بەڵام بەردەوام دەبێت تا کۆتایی گەمەکە و بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بسەلمێنێت کە توانای هەیە زیانی ئابوری بگەیەنێت بە جیهان.

بە گوێرەی شیکردنەوەی گۆڤارەکە،  ئەو تاکتیکە پشتر لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئێران تاقیکردووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا توندوتیژی کەمتر تیا پەیرەو دەکات، چونکە دەزانێت ئەگەر فشارەکانی لە ئاستی خۆیان زیاتر ببێت، ئەوا خۆی دووچاری جەنکێکی نابەرامبەر دەکات و ئەگەری ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی شەڕی ماڵوێرانکەر ببێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران چەند جارێک هەرەشەی داخستنی گەرووی هورمزیان کردووە لەسەر کەنداو،  ئەگەر بێتوو جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووبدات.

گەرووی هورمز نزیکەی لە ٣٥%ی کۆی هەموو نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، گەرووەکە دەریای عەرەب دەبەستێتەوە بە زەریایی هنیدییەوە و بە دەروازەیەکی درەیایی سەرەکی نەوت و بازرگانی دادەنرێت لە نێواو کەنداو و دەوڵەتانی ئاسیادا.

 



ڕیکلام