وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی هیچ سزایەك لەسەر ئێران سوك ناكات تا ئەو كاتەی ئێران پابەند نەبێت بە رێككارە ناوەكیەكانەوە.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، واشنتن هیچ سزایەك لەسەر ئێران ئاسان ناكات، لەوانەش ئازادكردنی سەرمایە بلۆككراوەكانی لە كۆریای باشوور، تا ئەو كاتەی پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی ئیلتیزامە ناوەكییەكانەوە.
بلینكن لە لێدوانێكدا بۆ لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا وتیشی "ئەگەر ئێران بە پێی ڕێككەوتنی ناوەكی دووبارە پابەند بێت بە پابەندبوونەكانی، ئێمە هەمان كار دەكەین و سزاكان سوك دەكەین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند "تا ئێران نەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانی، هیچ حەسانەیەك وەرناگریت"
ئەوەش دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا كۆریای باشور رایگەیاندبوو كە دەكرێت نزیكەی یەك ملیار دۆلاری پارەی ئێرانی كە لە بانكەكانی كۆریا بلۆككراون ئازاد بكات، بەڵام دەبێت سەرەتا لەگەڵ ئەمریكا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و دواتر هەردوولا رەزامەندبن.
سەرمایەی ئێران لە بانكەكانی كۆریا كە بلۆككراون بڕەكەی نزیكەی حەوت ملیار دۆلارە، كۆریا رازی بووە بە بڵاوكردنەوەی بەشێك لە پارەكان بۆ بانكێكی سویسری بۆ مەبەستی مرۆیی، بەڵام ئەگەر ئەمریكا ڕازی بێت.
ئەو گفتوگۆیەش لە كاتێكدایە كە وابڕیارە بلینكن هەفتەی داهاتوو لەگەڵ لوید ئۆستن وەزیری بەرگری سەردانی كۆریای باشور بكات، لە كاتێكدا ئەوە یەكەم گەشتیانە بۆ دەرەوەی ئەمریكا لەوكاتەوەی پۆستەكانیان وەرگرتووە.