کیسنجەر: ئەمریکا پێویستی بە لێکتێگەیشتنە لەگەڵ چین

  2021-03-27  | 
هینری کیسنجەر دیپلۆماتکاری دێرینی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیف
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هینری کیسنجەر دیپلۆماتکاری دێرینی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر واشنتۆن لێکتێگەیشتنی هەبێت لەگەڵ پەکین، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە ئارامی و ئاسایش، ئەگەر نا ئەوا جیهان ڕووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار دەبێتەوە، وەک دۆخی بەر لە جەنگی یەکەمی جیهانی.

کیسنجەر لە وتیەکدا لە پەیمانگای شاهانەی بەریتانیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بابەتەکە زۆر گرنگە و پەیوەندیی هەیە بەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی دەتوانن بگەنە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ چین، سەبارەت بە سیستمی نوێی جیهانی.

کیسنجەر وتی "ئەگەر نەگەینە ئەو خاڵە و ئەگەر نەگەینە لێکتێگەیشتن لەگەڵ چین سەبارەت بەو بابەتە، ئەوا دۆخمان لە هەمان دۆخی سەردەمی بەر لە رودانی جەنگی یەکەمی جیهانی دەچێت لە ئەوروپا، بەشێوەیەک ململانێکان بەشێوەیەکی کتوپر چارەسەر دەکرێن، بەڵام لە کۆتایدا یەکێک لە کێشەکان لە قۆناغێکدا لە کۆنترۆڵ دەردەچێت".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو دیپلۆماتکارە دیارەی  ئەمریکا جەختیکردەوە، دۆخەکە لەئێستادا زۆر لە ڕابردوو مەترسیدارترە، چونکە لەم سەردەمەدا هەردوولا چەکی زۆر پێشکەوتوویان هەیە، کە مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت ببنە هۆی ململانێیەکی زۆر مەترسیدار.

کیسنجەر ڕوونیشیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی لە پێگەیەکدا دەبینێتەوە، کە قورسە بەلایەوە گفتوگۆ بکات لەگەڵ ڕکابەرێکی وەک چین، بە تایبەت لە هەندیک لایەن و بوار پەکین زۆر پێشکەوتووتر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتێکی دیکە پەیوەندی هەیە بەوە کە چین ئەو سیستمە نوێیەی جیهان قبوڵ دەکات و پێی ڕازی دەبێت، لە کاتێکدا زیاتر پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی خۆی، بە تایبەت لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیدا، کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە و دەبێت خۆرئاواش دان بنێت بە توانا و لێهاتووەکانیدا.

جەختیشیکردەوە، هێزی ئابوری ئێستای چین بە مانای ئەوە نییە کە بەم نزیکانە لە هەموو روویەکی تەکنەلۆژییەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت لەم سەدەیەدا.

هینری کیسنجەر کە لە ئێستادا تەمەنی ٩٧ ساڵە و بە یەکێک لەو کەسایەتیانە دادەنرێت کە کاریگەریی بەرچاوی هەبووە بەسەر هەندێک لە روداوە سیاسییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، بە تایبەت لەو کاتەی کە لە سەردەمی دوو سەرۆکی ئەمریکا (ڕیچارد نکسۆن و جیراڵد فۆرد) پۆستی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەدەستەوە بووە.



ڕیکلام