لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان سەردانی سزادراوانی بادینان دەکات

  2021-03-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە ١ی٤ی٢٠٢١، لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی سزادراوانی بادینان بکات.

پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لە یاداشتێکدا داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی سزادراوانی بادینان بکرێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاشکرایکرد، بڕیارە کاتژمێر 10:30 خولەکی پێشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە ١ی٤ی٢٠٢١، لیژنەی مافی مرۆڤی کوردستان سەردانی ئەو سزادراوانە بکات.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، پاش ئەو سەردانە، کار بۆ ئەوە دەکرێت کە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانیش سەردانی سزادراوانی بادینان بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر یەکێک لە پارێزەرانی سزادراوانی بادینان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاندووەم دۆخی سزادراوان لەناو زیندان زۆر خراپە و رێگە بە کەسوکار و پارێزەرانیان نادرێت سەردانیان بکەن.

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون و لە ١٦ی٢ی٢٠٢١ دادگاییکردنی بەشێک لە گیراوەکان لە دادگای ژمارەی ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادگا هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا .

ئەو بڕیارە کاردانەوەی ناوخو و دەرەوی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤی لێکەوەتەوە، بۆیە دواتر و لە ٤ی٣ی٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن.



ڕیکلام