هەوڵێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکوک پوچەڵکرایەوە

  2020-08-25  | 
کەرکوک
هەوڵێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکوک پوچەڵکرایەوە
 سۆران عەبدولکەریم
تیمەکانی بەشی بازگەکانی پۆلیسی کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکوک، بەسەرپەرشتی ژمارەیەک ئەفسەر، هەوڵێکی بەقاچاخبردنی نەوت-یان لەڕێی تانکەرەوە پوچەڵکردەوە.

غانم حسێنی ئەفسەر لەپۆلیسی کۆمپانیای نەوتی باکور بەتۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، بەدواداچوونی وردمان بۆ هەوڵێکی بەقاچاخبردنی نەوت کرد، بەتایبەت ئەو تانکەرانەی لەو بوارەدا کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دواجار هیزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر  دوو تانکەر نەوتدا بگرن و پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ شۆفێرانی ئەو تانکەرانە، دەرکەوتوو کە پێنج تانکەری دیکە، هاوکارییان دەکات و باندێکن سەرقاڵی ئەو کارەن.

ئەوەشی خستەڕوو، توانیویانە بگەینە ئەو پێنج تانکەرەی دیکە و دەستیان بەسەردا بگرن، شۆفێرەکانیشیان دەستگیرکردووە وکۆی گشتی بووە بە حەوت تانکەر کە نیازیان هەبووە بڕی ١٤٠ هەزار لیتر نەوت لەڕێی قاچاخ و بەنایاسایی ئاودیو بکەن.

غانم حسێنی بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ناوچەی دەست بەسەرداگرتنی تەنکەرە نەوتەکان بکات، ئاشکرایکرد، دەرکەوتووە کە ئەو گروپە لەڕێی چەندین کۆگای تایبەت بەهەڵگرتنی نەوت و دواتر ساخکردنەوەی لەبازاڕی ڕەشدا خەریکی ئەو کارەبوون و دواتر ئاشکراکراون.

وتیشی، ئەو تۆمەتبارانە ڕەوانەی بنکەکانی پۆلیس کراون بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و ئۆتۆمبێلەکانیشان دەستی بەسەردا گیراوە، بڕیاریشە ئەو باندە بەپێی یاسای ژمارە ٤١ی ساڵی ٢٠٠٨ی تایبەت بەقاچاخبردنی نەوت دادگایی بکرێن.


ڕیکلام