ئێوارە لە وەتسئاپەوە تەلەفۆنم بۆ برادەرێکی هەولێرێ کرد. وەڵامی نەبو. ئێستا وەڵامیداومەتەوە و دەڵێت: "کەمال ببورە. لەو خۆپیشاندانەی دوێنێی هەولێر وەک چالاکوانێک و وڵاتییەک بەشداربوم. لەوێ گیرام. زۆریان ئەزیەتداین و لێیان داین و ئەو شتانە. کە هاتمەوەش میوانمان هەبون و مۆبایلم لای خۆم نەبو. سبەی تەلەفۆن دەکەمەوە."
ناوی ئەو برادەرەم نانوسم تا سبەی وەڵامدەداتەوە ئاخۆ رازییە ناوی بنوسم یا نا. ئەو لەو چالاکوان و ئازادیخواز و خەمخۆرانەیە کە بە تەواوی بڕواوە خەبات بۆ ئازادیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و دیموکراسیی دەکات، هەربۆیە هەمیشە دەیەوێت فۆکەسەکە لەسەر خەباتەکە بێت نەک کەسەکان.
پارتی و مەسرور بارزانی بەو حوکمڕانییە تاکڕەویی و دڵڕەقە ناتوانێت شتێک بەدەستبێنێت. لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە ئەزیەتی هەولێر و هەولێرییەکان دەدەن، بەڵام نەتانتوانیوە رۆحیەتی دژە-ستەمکاریی هەولێر بکوژن. سەرەڕای ئەو هەمو ئەزیەتدان و چەتەگەرییە، هەولێرییەکان هاواردەکەن "بڕوخێ دز."
لە هەڵبژاردنەکان گەورەترین بایکۆت لە هەولێرە. هەولێر حوکمڕانیی پارتیی قبوڵنەکردوە، هەربۆیە هیچ دەزگایەکی پارتیی و هیچ دونیابینییەکی پارتیی نەبۆتە هی هەولێرییەکان. ئەگەر لای زۆر خەڵک بێدەنگیی هەولێر ترس و خۆپاراستن بێت، ئەوا لای من گەورەترین روبەڕوبونەوەی چەتەگەرایی حوکمڕانیی بنەماڵەیی و لۆردانی شەڕ و نەوتە. هەولێر بێدەنگ بوە، بەڵام هەرگیز تەسلیم نەبوە. ئەو بێدەنگییە لە هەڵبژاردنەکان باش وەڵامی دڵڕەقیی پارتیی داوەتەوە، شکانی ئەو بێدەنگییەش زۆر بەهێزتر دەبێ لە شکانی بێدەنگیی شوێنەکانی تر.
پارتی میوانێکی رەزاقوڕسە لە هەولێر، هەر بۆیە نە مەسعود بارزانی، نە نێچیرڤان بارزانی و نە مەسڕوڕ بارزانییش ئاشنانین بە دو گەڕەکی دێرینی هەولێر و دو چایخانە و دو مەتعەمی شەعبیی هەولێرێ.
دوای ٢٤ ساڵ لە حوکمڕانیی هەولێرێ، هێشتاش جورئەت ناکەن چایەک لە ئیسکان یان بن قەراتێ بخۆنەوە. زۆر کۆمیدییە، پارتی دۆخێکی دروستکردوە هەموان لە میلیشیاکانی پارتیی بترسن، کەچی بۆ خۆیان شارەکە سەلامەت نابینن. ئێستاش کە لە سەری رەشەوە دێنە هەولێرێ، لە مەسیفەوە تا ناو ئەنجومەنی وەزیران یان ئەو شوێنەی بۆی دەڕۆن، هەر دو سەد مەترێک و چەکدارێک دادەنێن.
و
پارتی بە چەکوش حوکمی هەولێری کردوە و دەکات، هەربۆیە هەرگیز دڵی هەولێرییان ناباتەوە. هەولێر نامۆیە بە پارتیی، پارتی هێشتاش میوانێکی رەزاگرانە. هەولێر شارێکە بەوە ناسراوە هەموان لەخۆدەگرێ، بەڵام هەرگیز پارتیی لەخۆنەگرتوە.