رەنگە بۆ هەندێک کەس وناوەند، ڕووداوەکانی ئەم یەک دوو هەفتەو بەتایبەتیش ئەم دوو رۆژەی دوایی شۆک هێنەرو نائومێدکەر بن، بەڵام بۆ چاودێرانی بەسەلیقەو ئەوانەی زانیاریان دەربارەی پشتی رووداوەکان هەیە بەو جۆرە نییە.
بەش بەحاڵی خۆمان پێشتر باسی ئەم جەنگەولێکەوتەکانمان کردبوو، ئاماژەشمان بەوە کردبوو کەچۆن تورکیا ھەوڵ دەدات دۆخی ئێستا بۆ کۆتایهێنان بەئیدارەی خۆسەر بقۆزێتەوە.
عەقڵی گەورەشی ناوێت بۆ ئەوەی بزانین چی روویداوە.
رێکەوتن لە نێوان ئەمریکاو خۆرئاواو تورکیاو ئیسرائیل و دیمەشق لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندی وپێگەو رۆڵ وبەش وکارتەکان کرا. هەموو شتێک لەم قۆناغەدا پێشکەش بەئیسرائیل کرا، تورکیاو دیمەشق بە پێدانی هەموو ئەوەی داوای کردبوو بەکاتیش بێت رازیان کرد. لە بەرامبەرەوە تێگەیشتن نیشاندرا بۆ ئەوداخوازیانەی تورکیاو دیمەشق لە باکور و رۆژهەڵاتی سووریا چاویان تێ بڕیبوو.
ئەوەی روویدا لە هەندێ روەوە دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ١٦/ ئۆکتۆبەر بوو. بە واتای باجدان بەرامبەر گوێنەدان بە هووشیاری پێدانەکانی ئەمریکا کەلەهەندێ کات وشوێندا،لەگەڵ سەقفی داخوازییەکانی کوردا یەکناگرێتەوە.
ئەمریکا دەمێکە، بۆ رازیکردنی تورکیاو کەوتنەسەرپێی دەسەڵاتی نوێ، داوای لە هەسەدە کردبوو، دووگەڕەکەکەی حەڵەب، ئەو شوێنانەی دوای رووخانی رژێم هەسەدە کۆنتڕۆڵی کردبوون، لەگەڵ ئەو شوێنانەی زۆرینەی رەهایان عەرەبن، هاوشێوەی رەققەو دێرەزور، چۆڵ بکەن.
هەسەدە ویستیان سوود لە کات وەربگرن وبەگوێرەی پێویست گوێیان بەم ھووشیارییە نەدا، لەکاتێکدا واقیعی ئیدارەی خۆسەر لە باکورو رۆژھەڵاتی سووریا زادەی شەری ناوخۆی سوریاو بوونی رژێمی ئەسەدو دابەشکردنی ناوچەی نفوز لە نێوان ھێزە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیەکاندا بوو.
لێرەشەوە، ئەمریکا بەواتا باوەکەی خیانەتی نەکردووە، چونکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژ بەداعش و دابەشکردنی ناوچە جێنفوزەکان هاوپەیمانی هەسەدە بوو، مەسەلەی هەسەدەو ئیدارەی خۆسەریش، لە رووی جوگرافیاو پێکهاتەی هێزی سەربازیشەوە گەورەتر بوو لە رۆژئاواو کوردو دۆزەکەی لەو پارچەدا.
هەربۆیە کاتێک کۆی سووریا دەبێتە ناوچەی نفوزی ئەمریکا بەراستەوخۆو ناراستەوخۆ، وەدەسەڵاتێکی نوێ لە دیمەشق لە چوارچێوەی گەمەیەکی موخابەراتی دێتە سەرحوکم و دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانێتی نێو دەوڵەتی دژ بە داعش، چاوەروانکراوە جوگرافیای ئیدارەی خۆسەرو هەسەدە ملکەچی دووبارە پێناسەکردنەوەی رۆڵ وئەرکی خۆیان بکرێن، ئێستاش بەشێ لەوەی روویداوە جاردانی کۆتاییهاتنی ئیدارەی خۆسەرو زیاتر زەقبوونەوەی رۆژئاوای کوردستانە، ئەمریکییەکان لەم چوارچێوەدا لەئاستێکیشدا بێت، ئامادەن یارمەتی کورد بدەن، هەر بۆیە کە هێزەکانی شەرع و هاوپەیمانەکانی گەیشتنە بازگەی شێراواو پردێ و کورد ھەندێ بەرگری کرد ئاگربەست سەپێنرا ورێکەوتنێکی نوێ وروژێنرا( هەڵبەت بەسەرنجدان لە جیاوازی ناسنامەی کوردستانی کەرکوک و ناوچەی کێشە لەسەر لە رووی دەستووریەوە لە گەڵ دیرەزوورو رەققە)، ئەگەر دووای بوونی واقیعی پێشوو رۆژئاوا و ئامادەبوونی چەکداری و سیاسی خۆشی، ئەمریکاو رەنگە فەرەنسیەکانیش نەبوونایە،( هەڵبەت نابێت رۆڵی هەرێمی کوردستانیش لەم نێوەندەدا نادیدە بگرین کەگرنگ بوو) شتێ بەناوی مەرسوومە کۆمارییەکەو پرۆژە نوێکەی رێکەوتن، کە هەندێ دەستکەوتیان بۆ کورد تێدایە لەئارادا نەدەبوون،
ئەگەر ئەوانیش ئامادە نەبن گرەنتی بەدەستووری کردن و پیادەکردنی بکەن، دیسانەوە ئەگەری پاشگەزبوونەوە لە کۆمەڵێ شت هەر لە ئارادا دەبێت.
بەکورتی/
گۆڕانکارییەکان تا ئێستا پێمان دەڵێن قۆناغی پێشوو سەبارەت بە ھەسەدەو ناوچەی خۆسەر کۆتاییپیھات:
* ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر لە رووی ئیدارییەوە بەشێوازی جیاواز دەچنەوە سەر دیمەشەق.
• نەوت و سەرچاوەی وزەو بەنداوەکان و دەروازە سنوورییەکان، وەک سەرچاوەی ھێزو کارتی سیاسی بەرەو کۆتاییبوون دەچن.
• هەسەدە وەک ھێزی چەکدار لانی کەم بەم شێوەی ئێستا نامێنێت.
• گفتوگۆو رێکەوتنەکان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر پێگەی سیاسی و یاسایی و بەشداری و مافی کوردو رۆژئاوادەبن کەیەکسانە بە بەکوردیکردنەوەیەکی زۆرتری ئەوەی لەرابردوودا ھەبووە.
• بوونی فۆرمێ لە چارەسەری( کەوشەی چارەسەری زۆر ورد نیە) بۆ بۆ پرسی کورد لەوپارچەدا کە ناگاتە فیدراڵی وھەرێمی تایبەت، رەنگە لە لامەرکەزییەکی ئیداری کەلتوورییدا خۆی ببینێتەوە،لەگەڵ گەرانەوەی مافی ھاولاتێتی یەکسان و بەشداریکردن لە دام ودەزگا فەرمییەکانی ناوەندا.
• سەرنەکەوتنی تێزی کۆمەڵگەو نەتەوەی دیموکرات لەو ناوچە عەرەبیانەی ھەسەدە کۆنترۆڵی کردبوون. دەرکەوتنی ئەوەی کورد دەبێت لە وەھمدا نەژیەت، ئەوەی لەم ناوچەدا بنەرەتەو جووڵێنەرە، ئینتیماو ھەستی نەتەوەیی، دینی و تایەفییە. ئەمەشم پێشتر لە وتاری ( پەکەکە لەبەردەم ژانی لە داکبوونێکی نوێدا) باسکردووە، ئاماژەم بەوە دابوو کاتێ رۆحمان بەناوکی رەقی دەوڵەت نەتەوەو ھەستی نەتەوەیی بەرامبەر دەکەوێت ئەوسا لەراستی واقیعەکە تێدەگەین ھەڵبەت دەتوانرێت لەبەرگی کوردستانیبووندا سوود لەبەشێ لەناوەرۆکەکەی وەربگیرێت .
بۆیە یەپەگە دەبێت بەگیانێکی نەتەوەییتر،ھاو چارەنووستر لەگەڵ ھێزەکانیتر، ھەماھەنگتر لەگەڵ ھەرێم، کەم ئایدۆلۆژیتر و واقیعیتر، بەرەو رووی ئایندە ببێتەوە و بینای ئایدۆلۆژیاو ناسنامەو بەرنامەی سیاسیی خۆی بکاتەوە. ئەوقوربانییەی داویشیانە، ئەگەر نەشیتوانیبێت ھەموو ئەو ئامانجانە بەدیبھێنێت کە ھەموومان ئاواتی پێدەخوازین ودەشتوانرێت ناوی چارەسەری دۆزی کوردی لێبنرێت، لانی کەم کوردی رۆژئاوای خستۆتە نێو دۆخێکی نوێ و مێژوەوە، کەلە ھەندێ ڕوەوە نزیکە لە دۆخی کوردی باشوور لە سەرەتای ھەفتاکانی سەدەی رابردوودا.
کورد لە ئاستێکیشدا بێت، لە گەلێکی دانپیانەنراوی پەراوێزخراوی سەرکوتکراوو تەعریب کراوەوە، دەگۆرێت بە پێکھاتەیەکی واقیعی نوێی سووریا، کە دەکرێت لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەدا لەئایندەدا دەرگای بەرووی شتی تریشدا لێبکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی هێشتا سووریا بەدەست کێشەی تایەفەگەری و داروخانی ئابووری و کاڵی چەمکی دەوڵەت و لاوازی بروا بە دیموکراسی و زۆر شتی ترەوە دەنالێنێت .
گۆرانکارییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراستیش هێشتا تەواو نەبوون ولەنیوەی رێگەدان. نازانرێت کوت و مت ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت و چۆنا ستار دەگرێت کەهەموو ئەوانە تەحەداو دەرفەتیتر لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن.