هەرێم لە بەردەم سەرەپێچە مەترسیدارەکەدا؟

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  26/01/2023  |    2154 جار خوێندراوەتەوە

١-  قوڵکردنەوەی ناکۆکی و لێک هەڵوەشانەوەی زیاتری ناوخۆی هەرێم بە مەبەستی:
ا- بەهەدەردانی تواناکان.
ب- تێکدانی زیاتری ئامانجە لەپێشینەکان.
ج- سەرقاڵکردن بەخۆوەو نەپەرژانە سەر گۆڕانکارییەکانی دەورو بەرو دەرفەت و ئاڵنگارییەکان
ه- ڕێگرتن لە گەڵاڵەکردنی نەخشە ڕێگایەکی هاوبەش و گوزارشت دانەوەیەکی دامەزراوەیی ڕاستەقینە لە هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووریی یەکگرتوو.
٢-قوڵکردنەوەی قەیرانی ئابووری.
٣- بە ناسەقامگیر هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم- بەغدا.
٤- هەرەشەو فشاری سەربازی بە پاساوی بوونی بارەگای هێزە کوردییەکانی پارچەکانی ترو بەتایبەتیش ڕۆژھەڵات.
٥- وێناکردنی هەرێم و بەتایبەتیش پارتی، وەک هێزێکی خۆ یەکلاکرەوەوە بۆ بەرەی خۆرئاوا دژ بە ڕووسیاو هاوپەیمانەکانی و لێکەوتە جیۆ سیاسیەکانی جوڵاندنەوەی دۆسییەی غازی هەرێمیش ناونیشانی دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی توندتر بوونی فشارەکانە.

پێشم وایە هەر لەم چوارچێوەدا، دادگای فیدراڵی وەک ئامرازێکی فشارکردنی بەهێز لە هەرێم، زۆرتر بەکاردێت،
دەشتوانێ فشارەکە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێم و هەوڵی تەقاندنەوەی دۆخەکە لەناوەوە،
بەرزکاتەوە بۆ ئاستی جاڕدانی بۆشایی دەسەڵات لە هەرێمدا، ڕاگەیاندنی ئەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم ناشەرعی و ماوە بەسەرچووەو مافی لێدوان بە ناوی هەرێم، گفتووگۆو وتووێژوو ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی نییە، ئەوەش لەڕێی:

١- دەرکردنی بڕیار بە نا دەستووری بوونی درێژکردنەوەی پەڕلەمان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
٢- ئاڵۆزکردنی دۆخەکەو دژوار کردنی ڕێکەوتن لە سەر وادەی هەڵبژاردن و دووبارە درێژکردنەوە. بەوەش ئەندازیارانی پشت ئەزموونەکەی لوبنان ھەوڵی دووبارە کردنەوەی ھەمان دۆخ بدەن بەھەندێ دەستکارییەوە.

لێرەشەوە، دەتوانین بڵێین: دواخستنی هەڵبژاردن، تەنھا پەیوەندی بەلەکەدار کردنی زیاتری ئەزموونی دیمووکراسی ھەرێمەوە نییە، هەروەھا تەنها ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی لێکی ناداتەوە، بەڵکو ڕەهەندێکی هەرێمایەتی و دەرەکیشی هەیە، یاخود بۆی پەیدا دەبێت و تیایدا هەرێم وەک قەوارەی دەستووری تیایدا بە ئامانج گیراوە.

چونکە لەهەردوو ئەو حاڵەتەی سەرەوە، واتە دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە  بەناشەرعیدانانی دەسەڵاتی ئێستای هەرێم، یاخود نەتوانینی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم ساڵدا، دەبێت ئەگەری سیناریۆو بڕیاری تر بۆ چۆنییەتی پڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکەو پەیوەندی بە چارەنووسی قەوارەی هەرێمەوە لەبەرچاو بگرین. 

هەروەها حساب بۆ ئەوە بکەین مەسەلەی بەشە خۆراکی هاووڵاتیانی هەرێمیش لەداهاتوودا مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت.

 ڕاستە ئەم لێکدانەوانە ئاماژەن بەخراپترین سیناریۆو دەکرێت ڕێک بەو شێوە دەرنەیەن، ململانێکان لەخوار ئەمانەوە ئاستی ترو شێوازی بەرجەستە بوونییان هەیە.بەڵام لەسەرە پێچە مێژووییە جیهانی  هەرێمایەتی و ناوخۆییەکاندا، دەبێت حساب بۆ سیناریۆو ئەگەرە خراپترینەکان بکرێت، چونکە ڕێساکانی گەمەکەو مەنزومە ڕێکخەرەکان دادەڕێژرێنەوە و مۆرکی گۆرانکارییەکان پێناسی وەرچەرخانییان بەسەردا دەچەسپێت.

هەڵبەت لەم دۆخانەو لەدوو توێی خراپترینەکاندا، گەر عەقڵی ستراتیژو هەل ومەرجی لەخۆگر لەئارادا بن،
هەندێ لەدەدفەتە مێژووییە کانیش  ئامادەن وشاراونەتەوەو ئەگەری ئەوە هەیە بێنە پێش.


زیاتر