پێویستە سودانی و تەیف سامی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن

ئەحمەد حاجی ڕەشید

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
  11/05/2024  |    1030 جار خوێندراوەتەوە
حکومەتی فیدڕاڵ کەمتەرخەمەو پێویستە سودانی و تەیف سامی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن و رونکردنەوە بدەن !
هەموان دڵخۆش بوین بەوەی کە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری  پیدانی موچەی فەرمانبەرانی دەرکرد و حکومەتەکەی سودانیش لەڕێگەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە بڕیارەکەی جێبەجێ کرد ،هەربۆیە هەموان گەشبین بووین بەوەی کێشەی مووچە جیاکرایەوە لە کێشمەکێشی نیوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم ،هەرچەندە دەبوایە دادگا بەرپرسیارێتی ئەوەشی لە ئەستۆ بگرتایە کە تەواوی موچە فەوتاوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لەئەستۆ بگرتایەو ڕونکردنەوە بەو ئاراستەیە بدایە ، بەڵام بەداخەوە خۆی لەو رونکردنەوە بوارد بە بیانووی ئەوەی ئەو بابەتە لە تایبەتمەندی ئەواندانییە لە کاتێکدا بنچینەو ئەسڵی سکاڵاکان بۆ موچەی مانگی (٧ـ٨ـ٩) ی ساڵی ٢٠٢٣ بوو .
کەواتە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی پابەندی و ئیلتزامی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی دیاری کردوو دەبێت هەریەکەیان پابەند بن بە پابەندیەکانی خۆیانەوە بەبێ بەستنەوە بەهیچ مەرج و قەیدو شەرتێکەوە:
یەکەم : دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساوێکدا موچەی فەرمانبەران دوانەخات و نەیبەستێتەوە بە ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆوە چونکە بڕیارەکەی دادگای باڵا ئەوەی یەکلا کردوەتەوە.
دووەم : ئەگەر حکومەتی هەرێم هیچ بەرپرسیارێتەک هەڵناگرێت بەرانبەر هاوڵاتیان و فەرمانبەران و خەریکی قاچ و قوچی خۆیەتی ،ئەوە کێشەی حکومەتەکەی سودانیەوە کێشەی فەرمانبەران نییە و ڕێکاری خۆی هەیە کە حکومەتەکەی سودانی حکومەتی هەرێم پابەند بکات .
سێهەم : ئەگەر سودانی و تەیف سامی  هەمان کێشە دروست دەکەنەوە و موچەی فەرانبەران دەبەستنەوە بە رادەستکردنی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمەوە ئەوا بەڕون و ڕاشکاو دەبنە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.
چوارەم : دەبێت هاوڕێنمان لە پەرلەمان داوای بانگهێشت کردنی سودانی و تەیف سامی بکەن بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و داوای رونکردنەوەیان لێبکەن .
پینجەم : ئەگەر حکومەتەکەی سودانی  ناتوانێت ئیجرائات بکات لەبەرانبەر کاربەدەستانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمدا ، فەرمانبەران نەکاتە قوربانی ناتەوانی خۆی و حکومەتەکەی .
شەشەم : زەرورە فەرمانبەران لەڕێگەی خۆپیشاندانی هێمنانە یان بینینی سەرۆکی دادگاو پاشانیش حکومەتی فیدڕاڵ  و داواکاری خستنە بەردەستیان کە دەبێت بڕیارەکانی دادگای باڵا وەک خۆی جێبەجێ بکرین و سودانی هەر هەڵوێستێک دەگرێتەبەر لە تۆمارکردنی سکاڵا بە ڕێگر ناساندنی بەرپرسانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و لێپێچینەوە لێیان ئەوە مافی خۆیەتی وەک سەرۆکی حکومەت و بەرپرس لە بەهەدەرنەدانی ماڵی گشتیدا.
حەوتەم : هەموومان گەشتوینەتە ئەو بڕوایەی کە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم حەزناکات مووچە لەبەغدادەوە بێت بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیە هەرڕۆژەی گرفتێک دروست بکات و لەمپەر دروست دەکات لە بەردەم  بڕیارەکانی دادگای باڵاو بابەتی تەوتین و بەزۆرەملێ کردنی ( هەشت ماری ئەو) . 
تێبینی : هەمیشە بەبەرپرسە کانی حکومەتی فیدڕاڵمان دەوت ئەگەر پارێزگاری بەسرە ڕێگری کردلە هەناردەی نەوتی بەسرە کەشادەماری داهاتەکانی هەموو عێراقە؟ 
ئایا  موچەی فەرمانبەران ڕادەگرن وەک حکومەت و سزای هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەدەن !
یان : لێپێچینەوەلەگەڵ پارێزگاردا دەکەن .
دەیان ووت لێپێچینەوە لەگەڵ پارێزگاردا دەکەین .
بۆیە کاکە سودانی و دادە تەیف ئەگەر لەبەرانبەربەرپرسانی هەرێم دا تواناتان نییە و  زروفی سیاسی هاوکارتان نییە و چاوتان لە دوبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی داراییە  ئەوا فەرمانبەرەکانمان سزا مەدەن ومەیانکەنە قوربانی حەزی خۆتان و  بێبەشیان مەکەن لە ماف و شایستەی خۆیان !!!!
زیاتر