پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناکۆکییەکانتان بەردەن

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر

پارێزگارى سلێمانى
  25/02/2023  |    797 جار خوێندراوەتەوە

مێژومان ئەزموننەکردووەو هەزار گلان نەیکردوین بەسوار، نە سودمان لە شکستەکانمان بینیوە، نە توانیومانە سەرکەوتنەکان بپارێزین. بەردەوام هەندێکمان دەبینە کلکی تەورو ئەوی ترمان دەبڕینەوە، شایی لایەکمان شینی ئەویترمان و کۆستی لایەکمان شادیی ئەویترمانە، خۆمان بێئەرزش و دوژمنانمان سەردار کردووە.

((ئەوانەی لە مێژووی ڕابردووی خۆیان بێئاگا دەمێننەوە، مەحکومن بەوەی؛ کە دووپاتی بکەنەوە))؛ ئێستا ئیتر، کاتی ئەوە درەنگبووە کە دەبێت بەئاگابێینەوە، دەسەڵات و داھات و فەخفەخەو فەنتازیاو لەزەت و شیرینیی و چەوریی دەسەڵاتدارێتیی؛ لەمەزیاتر فریومان نەدەن.

مانەوەو چارەنوسی کوردو کوردستان بە تەمەن و مانەوەو ژیانی کەسمانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام بەیەکەوە دەتوانین ئەمڕۆو ئایندەیەکی باشترو سەروەریی زیاتر بۆ خەڵک و خاک و نیشتمانەکەمان و خۆمان؛ زامنبکەین، تاوان و کارەسات و هەڵەو چەوت و چەوێڵییەکانی پێشوومان؛ ڕاستبکەینەوە، باری لاری سەرشانمان ڕێکبکەینەوە.

بە ناکۆکیشمان تەنھا قەدەری ژیانێکی شایستەتر؛ دوردەخەینەوە.

بۆیە؛ ئەمڕۆ، بەر لە سبەی داوا لە هەموو تاک و دەستەو لایەنێکی ئەم کوردو کوردستانە، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، دەکەم: بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ، بەگیانێکی لەخۆبوردووانەوە، بڕیاری قبوڵکردنی یەکتر بدەن، گرنگ نییە چی لە یەکتر قبوڵدەکەن، یاخود نایکەن، گرنگ ئەوەیە یەکتر قبوڵبکەن، یەکتر ئاشتبکەنەوەو ئیرادەی نیشتمانیمان بەهێزبکەنەوە، لە کەلەڕەقیی و سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و پەرتەوازەیی و جەمسەرگیریی؛ دور بکەونەوە.

خۆتان دەستی ئاشتەوایی بۆ یەکتر درێژبکەن، بۆ ئاشتیی پرس بە کەس مەکەن، تێبگەن لەوەی کەستان ناتوانن ئەویترتان خاپور بکەن.
ئیرادە و شکۆو مێژوو ڕەسەنایەتیی و قوربانیی و دەسکەوتەکانی کوردو کوردستانیان؛ لەمە وردوخاشتر مەکەن.
ئازابن، بەرپرسیارو جوامێر و دەستپێشخەرو لێبوردەو  بوێربن؛ 
پێش ئاگری نەورۆز، ئاگر لە ناکۆکییەکانتان بەردەن.
ئەگەرنا؛
ناکۆکییە ناڕەواکانتان؛ ئاگر لە هەموو ڕەوایەتییەک بەردەدات.


زیاتر